لە کەتەنزاڕۆ میوانی شەریف پاشای خەندان بووم

لە کەتەنزاڕۆ میوانی شەریف پاشای خەندان بووم
جوامێر بەختیار مستەفا
لە مانگی مارتی 2026 گەشتێکم بۆ کۆتایی باشووری ئیتاڵیا ئەنجامدا، شوێنێک کە هەست دەکرا لە کۆتایی جیهاندا هەڵکەوتووە، شارۆچکەکە ناوی کەتانزاڕۆیە لە هەرێمی کالابریا، گۆڕی کەسایەتییەکی کورد و دیبلۆماتی سەردەمی سەدەیەی نۆزدەهەم و بیستەم ، ئەویش ( جەنەڕاڵ شەریف پاشای خەندان، 1865- 1951 ) سەربەرز لە گۆشەیەکی گۆڕستانێکی مەسیحی لە پەراوێزی ئەم شارۆچککەیە وەستاوە. ئەم دیبلۆماتە ئەگەر مێژوو بەشێوەیەکی دیکە وەچەرخابوایە و بەخت لەلای کورد بووایە ، دەبووە یەکەم سەرکردەی کوردستانێکی سەربەخۆ لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم. لە ساڵی ( 1951)ەوە شەریف پاشا هێدی هێدی چاوەڕێی سەردانی هاوڕێ کوردەکانی دەکرد، ئەمەش لە سایەی ئەو کۆنفرانسەدا بە ناوی حەڤدەیەمین فێستیڤاڵی نێو دەوڵەتی بەدرخان ڕوویدا کە لە لایەن حەمید ئەبوبەکر بەدرخان، بەرپرسی ئەکادیمیای بەدررخان بۆ توێژینەوەی ڕۆژنامەوانی و کەلتور و فەیسەڵ خۆشناو سەرۆکی و ڕێکخراوی دیاکۆ لە ئیتاڵیا و مامۆستای زانکۆ و ئەکادیمیست دکتۆر جاسم خۆشناو ڕێکخرابوو کە دەرفەتی تاوتوێکردنی دەستکەوتە سیاسیی و دیبلۆماسیی و ڕۆژنامەوانییەکانی پێداین. هیوادارم ئەم کۆنفرانسە ببێتە هەوێنی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە بزووتنەوە سیاسییە سەرەتاییەکانی کورد ، چونکە هێشتا زۆر شت ماوە کە لە ژیان و بیرەوەریی شەریف پاشا بدۆزرێتەوە کە یارمەتیدەر دەبێت لە ڕێنماییکردنی کوردستان لە داهاتوودا. بەڵگەنامەیەکی نموونەیی کە باسی لێوەکرا، ئەوە نیشان دەدات کە شەریف پاشا کاتژمێر ١١.٣٠ی بەیانی ٢٥ی نیسانی ١٩١٩ سەردانی سەرۆک ویڵسنی ئەمریکای کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی کوردستان. سوپاس بۆ حەمید بەدرخان بەرپرسی ئەکادیمیای بەدرخان ، دکتۆر جاسم تۆفیق خوشناو ، فەیسەڵ خوشناو دەکەم بۆ ئەو هەموو ماندووبوونەیان لە سازدانی ئەم کۆنفرانسە مێژووییە و سەرجەم بەشداربووان. هەروەها دەمەوێت سوپاسی شەریف پاشا بکەم کە دوای ئەو هەموو ساڵە هێشتا دەتوانێت و توانیوویەتی کورد یەکبخات و کۆیانبکاتەوە .
بەهیواین هەمیشە ئەو کۆڕ و سیمینارانە لە وڵاتە جیاجیاکاندا بەردەوامبێت و پشتگیری ماددی و مەعنەوی بکرێن .
لەندەن 26.03.2026

18 جار خوێندراوەتەوە