ئەمەریکا لە ستراتیژدا سیفاتی جاڵجاڵۆکەی ھەیە، سەرەتا "تەون"ەکە دروست دەکات، بەڵام پەلەی نیە کەی نێچیرەکە دەکەوێتە ئەو تەونەوە.
پێش ئەوەی گۆڕانکاری لە ئێران بکرێت، دەبێت تورکیا گۆڕابێت، رێگای گۆڕانکاری لە ئێران بەتورکیادا تێپەڕدەبێت، پلانی A تورکیایە و پلانی B ئێران، ھەموی کەوتوەتە سەر سازشی تورکیا و ، ملدان بۆ داواکارییەکانی ئەمەریکا. رێگەگرتن لەبەکارھێانی بنکەی "ئەنچەرلیک" لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ لێدانی سەدام، سەرەتای دورکەوتنەوەی ئەو دو وڵاتە بو.
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، ئەمەریکا گروپێک کۆنتراکتەری تورکی دەستگیرکرد، تورەکەی کردە سەریان، لە رێگای ئیبراھیم خەلیلەوە دیپۆرتی کردنەوە. لە چەند رۆژی رابردودا، تورکیا لە رێگای گروپێک پارێزەرەوە جارێکی تر ھەوڵی دەستگیرکردنی کۆمەڵێک ئەفسەری ئەمەریکی لەبنکەی ئەنچەرلیکدا بەتۆمەتی پشتگیری تیرۆر، هەروەها داوا دەکەن ئەمەریکا کەلوپەلە سەربازییەکانی بگوازێتەوە. لە سەرەتای پرۆسەی روخانی سەدامەوە، ئەمەریکا بەردەوام رێگەی داوە تورکیا سەرکێشی بکات لە عێراق و ناوچەکە، بەڵام ئیتر گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی ئەوەی رێگرە لەبەردەم لەپلان و ستراتیژی ئەمەریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، تورکیایە
کێشەکانی تورکیاو ئەمەریکا؛
٭دروستکردنی کێشە، بۆ پلان و ستراتیژی ئەمەریکا لە ناوچەکە.
٭ گەمارۆکانی سەر ئێران ، کەنیوەی نەوتی ئێران لەڕێگای تورکیاوە دەروات و ، کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری تورکیا دەبێت.
٭ گومانی ئەردۆغان لە بێدەنگی ئەمەریکا بەرامبەر کودەتاکەی 2016 .
٭ نزیکبونەوەی تورکیا لە روسیا.
٭ تەسلیمکردنەوەی فەتحوڵا گولەن.
٭ کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین.
٭ پشتگیری کورد لەسوریا، لەلایەن ئەمەریکاوە.
٭ دەستگیرکردنی قەشەکە.
٭ لێکۆڵینەوە لە جموجۆڵی بانکی تورکی لەلایەن ئەمەریکاوە، تاوانبارکردنیان بەپێشێلی ھاوکاری ئێران و گوێنەدان بەگەمارۆکان.
مەرجی ترەمپ ئەوەیە، تا قەشەکە ئازاد نەکرێت، ئەمریکا کارت لەدوای کارت بەکاریدەهێنێت، کە زەحمەتە تورکیا بەرگەیان بگرێت. تورکیا لە ناوخۆدا لە روی سیاسیەوە پەرتەوازەیەو کێشەی زۆری ھەیە، پارەیەکی زۆر قەرزدارە کە بۆ وەبەرھێنان وەریگرتوە، بەم شێوەیە گرژییەکان بەردەوام بێت، ناتوانێت بەئاسانی ئەو قەرزانە بداتەوە، وا سەرقاڵ دەکرێت ئیتر ناتوانێت بەردەوامی بە جموجوڵەکانی بدات لە سوریا و عێراقدا دواتر ئێستا دوژمنەکانی تورکیا لە دۆستەکانی زۆرترن، میسر سعودیە، یۆنان، ئیسرائیل، بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا کە ھەمویان ھاوپەیمانی بەھێزی ئەمەریکان.
هەرچەندە زەحمەتە پەیوەندی ئەمەریکاو تورکیا بگەڕێتەوە دۆخی جاران، کێشەکان زۆرن و ئاسان چارەسەر نابن، بەڵام دو رێگای ھەیە، یەکەم، تورکیا ئابورییەکەی لا گرنگەو داواکارییەکانی ئەمەریکا جێبەجێدەکات و نابێتە کێشە بۆ بەردەم ستراتیژی ئەمەریکا لە ناوچەکە. دوەم، یان ئابوری خۆی لاگرنگ نیە و قۆچ گیردەکات لە قۆچی ئەمەریکا، ئەوەش بەزیانی خۆی تەواو دەبێت و خۆزگە بەسوریا دەخوازێت.
دواجار تورکیا دەبێت خۆی ساغبکاتەوە، بەرەی روسیا یاخود ئەمەریکا، پاڵدان بە بەرەی روسیاوە واتا چارەسەرنەکردنی تەواوی ئەو جیاوازیانەی سەرەوە و وێرانکردنی تەواوی ئابوری تورکیا و کۆتایی سەردەمی ئەردۆغان.
5925 جار خوێندراوەتەوە