گۆڕان و پەیوەندییەکانی دەرەوە


بۆچی گرنگە بزوتنەوەی گۆڕان بەشداربێت لە بەڕێوەبردنی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان؟

فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هاوتای وەزارەتی دەرەوەیەو لەزۆربەری ئەرکەکانیاندا هاوشێوەن، تەنها جیاوازی ئەوەیە كاتێك دەوڵەت سەربەخۆ و خاوەن سیادە ببێت ئەوكات ئەتوانرێت وەزارەتی دەرەوە یان وەزارەتی كاروباری دەرەوە بونی هەبێت. گومانی تیادا نییە کاری ئەم فەرمانگەیە لەچوارچێوەی سیستمی حوكمڕانی فیدڕاڵی ئەبێت‌و كاروباری دیپلۆماسی لەرێگەی حكومەتی فیدڕاڵییەوە دەبێت، چونكە حكومەتی ناوەند بەو ئەركە هەڵئەستێ، بەڵام چەند نمونەیەك هەیە كە هەرێمەكانیش ئەتوانن نوێنەرایەتی دیپلۆماسی بكەن زیندوترین نمونەش هەرێمی (باڤاریا)یە لە ئەڵمانیا؛ به‌هه‌مان شێوه‌ش‌ بە پێی دەستوری عێراقی، عێراق وڵاتێكی ئیتیحادیی فیدڕاڵییە، كەواتە هەرێمی كوردستان لە رێگەی حكومەتی ناوەندییەوە بەشدارە لە كاروباری دیپلۆماسی‌و پشکیشی لە باڵیۆزخانەكاندا هەیە. كەواتە حکومەتی هەرێم ناتوانێت باڵیۆزخانەی هەبێت، بەڵام ئەتوانیت مەكتەبی هەرێمایەتی بكاتەوە لەهەمو باڵیۆزخانەكانی عێراق‌و وڵاتانی دەرەوە كە هەڵسێت بە كاروباری بازرگانی، ئابوری، رۆشنبیری.. هتد. ‌ئەوەی تێبینی کراوە تا ئەم ساتە حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نه‌ ئەم نوسینگانەی کردوەته‌وه، ‌نه‌ کاریشی له‌سه‌رکردوه‌.

هەرێمی كوردستانی عێراق لە روی دەستورییەوە لە چوارچێوەی سیستمی فیدڕاڵیدایە، بەڵام ئێستا بۆتە دیفاكتۆیەك و نمونەیەكی نوێیە بەنیسبەت یاسای نێودەوڵەتییەوە، ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان یەكێك لە دروشمە سەرەكییەكانمان بە دامەزراوەیی كردنی دام‌و دەزگاكانی حكومەتە، ئەتوانرێ ئەم كارانە بکرێ، بە مەبەستی زیاتر بەرەو پێشبردنی یەكێك لە جومگە سەرەكی‌و هەستیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەویش فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەیە، بۆ نمونه‌؛

پێکهاتەی پێشنیازكراو بۆ فەرمانگە
فەرمانگە لەم بەڕێوەبەرایەتيانە پێكدێت:
- بەڕێوەبەرێتیی دیپلۆماسی و پەیوەندیی نێودەوڵەتی.
- بەڕێوەبەرێتیی نوسینگەكانی نوێنەرایەتیی حكومەتیی هەرێم لە وڵاتانی دەرەوە.
- بەڕێوەبەرێتیی یاسایی.
- بەڕێوەبەرێتیی راگەیاندن و رۆژنامه‌وانی.
- بەڕێوەبەرێتیی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان(حكومی و ناحكومییەكان).
- بەڕێوەبەرێتیی تەشریفات و وەفدەكان.
- بەڕێوەبەرێتیی دارایی و ئیدارە.
- بەڕێوەبەرێتیی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە دیپلۆماسیەكی حكومەتی ناوەندی.
- هۆبەی بازرگانی‌و ئابوری (بەمەبەستی هاندانی كۆمپانیا بیانیەكان و كارئاسانی بۆكردنیان بۆ ئەوەی كاروچالاكی لە هەرێمی كوردستان بكەن).
- كردنەوەی پەیمانگەیەك بۆ پێگەیاندنی كادر لە بواری دیپلۆماسی‌و پەیوەندیی نێودەوڵەتی(چونکه‌ئێمەی كورد كێشەی كادری دیپلۆماسیی پیشگەرمان هەیە).
- كردنەوەو چالاككردنی ئۆفیسی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە زۆربەی وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت لەم وڵاتانە: (ویلایه‌ته‌یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مەریکا، بەریتانیا، فه‌ره‌نسا، تیتاڵیا، ئه‌ڵمانیا، روسیا، چین، سعودیه‌، قه‌ته‌ر، ئیمارات، میسر، ئوردن، کوه‌یت، تورکیا، ئێران، وڵاتانی ئه‌سکه‌نده‌ناڤیا، ڤاتیکان) لەگەڵ هه‌مو ئه‌و وڵاتانه‌ی دیکە که ‌ره‌وه‌ندی کوردیی لێیه‌. ئه‌م وڵاتانەش گرنگیی خۆیان هه‌یه‌ بۆ هەرێمی كوردستان لەڕوی (سیاسی، ئابوری، بازرگانی، کەلتوری و پەروەردەی)یەوە.

هه‌روه‌ها دەکرێت و وا باشترە هەندێك لە نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم، لەچەند بەشێك پێكبێن وه‌کو (بەشی یاسایی بۆ راییكردنی كاروباری یاسایی، بەشی بازرگانی و ئابوری، بەشی دیپلۆماسی‌و،... هتد). هەریەك لەم بەشانە كەسانی پسپۆڕی لێ دابمەزرێندرێت بەبێ زیادەڕۆیی کردن لە دامەزراندن و هێنانی کەسانێک کە تەواو تایبەتمەندی وەربگرن لەو بوارانەدا، نابێت دانانی ئەم کەسانە تەنها لەسەر بنچینەی زمانزانی بێت چونکە کاری ئەوان کارکردنە لەبواری دیپلۆماسی و نوێنەرایەتیی کردنی هەرێم نەک وەرگێڕان و هەندێک کاری ناپێویست.

- نوێنەرەكان ئەبێت پلەبەندییان هەبێت (پلە یەك و دو و سێ).
- هیچ نوێنەرێك نابێت لە چوار ساڵ زیاتر لە وڵاتێكدا بێت.
- حكومەتی هەرێم نوێنەرایەتی فەخری هەبێت لە هەندێك لەو وڵاتانەی كە گرنگیان زۆر نیە بەبەراورد بەو وڵاتانەی كە ئاماژەمان پێدراوە، ئەمەش بەمەبەستی گەڕاندنەوەی تێچوی دارایی و کردنی زۆرترین کار بە کەمترین تێچویی دارایی.

ئامانجەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە بواری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكاندا
1. کارکردنی ئەو گروپەی کە لە پشکی گۆڕان ئەو پۆستانە وەردەگرن بە دو شێواز و ستراتیژ دەبێت: ستراتیژی یەکەمیان هەوڵدانی جدیی ئەو کەسانەیە لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمیی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پاشان جیهاندا، ستراتیژی دوەم بەکارهێنانی ئەو پەیوەندییانەیە بۆ ناساندنی کوردو پێشخستنی دۆزی کورد و دروستکردنی لۆبی. ئەو کارکردنە بەو دو ستراتیژە هەرگیز نابێ ببێتە هۆی تێکەڵکردنی کاری دیپلۆماسیی و کاری حیزبی، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لەوپەڕی لاوازیدایە لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا، بۆیە ئەم هەلە دەبێ بقۆزرێتەوە و پڕۆژەی هاوبەش بدۆزرێتەوە لەنێوان گۆڕان، میدیای گۆڕان و دەزگای لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکانی گۆڕان بۆ ئەوەی ئەو ستافە بتوانێت بە دیپلۆماسیانە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای کار و چالاکیی هاوبەش رێکبخات، ئەمەش نابێت بەهیچ شێوەیەک لەسەر ناوبانگی بزوتنەوەکە بکەوێت و هەمان هەڵەی یەکێتی و پارتی دوبارە بکرێتەوە کە پەیوەندییەکانیان مۆرکی حیزبی و خێزانی نەک هەرێمی و فەرمیی زاڵ بو بەسەریدا.

2. دەبێت هەڵبژاردنی کەسەکان لەسەر بنەمای لێهاتویی‌، ناسراوی‌، شارەزایی‌، توانای کاری دیپلۆماسی‌و هەبونی ئێنێرژیی باش بێت، نەک لەسەر بنەمای بڕوانامە لە بواری پەیوەندیی نێودەوڵەتی‌دا، هیچ کەسێکیش بۆ ئەو پۆستانە هەڵنەبژێردرێن کە ئینگلیزی باش نەزانن. بزوتنەوەی گۆڕان پشکەکانی خۆیشی لە وڵاتانی دیکە لەسەر هەمان بنەما هەڵببژێرێت، بەڵام کەسی هەڵبژێردراو زمانی وڵاتی بۆ هەڵبژێردراو بزانێت و شارەزایی کەلتوری ئەو وڵاتە بێت، چونکە یەکێک لەبنەما سەرەکییەکانی نوێنەرایەتیکردن لە وڵاتێکی دیاریکراو زانین و شارەزاییە لە کەلتوری ئەو وڵاتە و ئەتەکێتی مامەڵەکردن و کارتێکردنە.

3. پەیوەندیی نێودەوڵەتی کاری تیمەو تیم رۆڵ دەبینێت، هەربۆیە پاڵەوانی تیادا دروست نابێت، بۆیە دەبێ گۆڕان هەوڵبدات تۆڕێکی بەرفراوان لە دیپلۆماتکار لە ناوەوه‌و دەرەوەی کوردستان دروست بکات، راهێنانی ئەو تۆڕە بەرفراوانە دەکەوێتە سەر ئەو کەسانەی بەرپرسیارێتی وەردەگرن لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.

4. هەڵبژێردراوانی گۆڕان بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەوڵی جدی دەدەن بۆ کاراکردنی بەشەکانی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوەو، بەتایبەتیش هەوڵدەدەن بەشێکی تایبەت هەبێت بە پەیوەندییە کەلتورییەکان کە تێیدا نوێنەرایەتی‌یەکانی حکومەتی هەرێم بتوانن زۆرترین کورسی خوێندن بۆ خوێندکارانی کورد دابین بکەن‌و، هاوکاریی خوێندکارانیش بکەن، ئەمەش دەبێ ببێتە کارێکی لەپێشینەی هەڵبژێردراوانی گۆڕان لە هەر شوێنێکی فەرمانگەی دەرەوەی پەیوەندی‌یەکانی هەرێم و تەواوی ئەو خاڵە لاوازانەی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بونیان هەبوە ئەو تیمە رێکی بخەنەوەو بەهێزی بکەنەوە.

5. دەبێت هەڵبژێردراوانی گۆڕان تۆڕێکی فراوان دروستبکەن لەگەڵ تیمێکی میدیایی نێودەوڵەتیی، لەو رێگەیەوە بتوانن زۆرترین کار و چالاکی‌ ئەنجام بدەن‌؛ لەلایەک ببنە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێم، لەلایەکی تریش بتوانن پشتیوانیکردن و بەهێزکردنی دیموکراسی لە هەرێم‌دا ببێتە ئامانجی کارکردنی هاوبەشیان.

6. دەبێت هەڵبژێردراوانی گۆڕان کار بۆ ئەوە بکەن پەیوەندیی لەنێوان کۆنگرێسمان، ئەندام پارلەمانانی وڵاتان و ئەنجومەنی شارەوانی‌یەکان دروست بکەن و تێیدا گروپی دۆستایەتیی کوردیی-ئەمەریکی، کوردی- بەریتانیی، کوردی-هۆڵەندی و ...هتد. لەناو پارلەمانەکان‌دا دروستبکرێت تا بتوانن پشتیوان بن بۆ کوردستان‌و ئاڵوگۆڕی کەلتوری و پتەوکردنی پەیوەندی سیاسی و بارزگانی.

7. نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم هەوڵ بدەن لەگەڵ کوردانی دایاسپۆڕا میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ گرنگیدان بە نەوەی نوێی کورد و فێرکردنی زمانی کوردی‌و خوێندنی کوردییان بۆ فەراهەم بکرێت، هەوڵیش بدرێت کوردان لە گروپی جیاجیای کۆمەڵایەتی‌و کەلتوری رێک بخرێن‌و پەیوەندی و پەیوەستییەکی زیاتر لەگەڵ کوردستان دروستبکرێت.

8. کارکردن بۆ دروستکردنی لۆبی بکەوێتە سەرشانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم، دیپلۆماتکارانی کورد هەوڵی نزیکبونەوە لە لۆبیی وڵاتانی دونیا بدەن، بەتایبەت لۆبی جولەکە و ئەرمەنی لە ئەمەریکا، کە کورد دەتوانێ سود لە هەردوکیان وەربگرێت. ئەمە بکرێتە هۆکارێک بۆ پێشخستنی پرسی سەربەخۆیی کوردستان.

9. نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم لە تورکیا، ئێران، سوریا لەپاڵ پەیوەندییە سیاسی‌و کەلتورییەکان، هەوڵی جدیی بدەن کە پردی نێوان هەر چوار پارچەی کوردستان بەجۆرێک رێکبخرێتەوە که‌ کوردانی ئەو پارچانە هەست و سۆزێکی گەورەیان بۆ کوردستانی عێراق هەبێت و خۆیان بەدابڕاو و دورەپەرێز نەزانن.

10. بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێی نوێنەرەکانییەوە دەتوانێ پەیوەندییەکی پتەو بۆ بازرگانان و بزنسمانان دروست بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو بزنسمان و بازرگانانە لەداهاتودا پشتیوانی‌یەکی بەهێز بن بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

11. نوێنەرانی گۆڕان دەبێ هەوڵ بدەن ئاگاداری کۆڕو سیمینارو کۆنفرەنس‌و ئینتێرنشیپ‌و زەمالەکانی وڵاتانی جیهان بن، چ ئەوانەی بەفەرمی بۆ نوێنەرەکان دێت، چ ئەوانەی رادەگەیەنرێن، تا بتوانرێت زۆرترین پەیوەندیی دروستبکرێ و زۆرترین خزمەت بە هاوڵاتییانی کوردستان بکرێت.

1077 جار خوێندراوەتەوە