چارەنووسی ئیران بەرەو کوێ ؟


جارێکی تر ئەمریکا سزای ئابوری خستەوە سەر ئیران، بەئومێدی ئەوەی ئەم سزایە ببێتە ھۆی لاوازی دەسەڵات و، لەناخۆدا گۆڕانکاری بکرێت، بەڵام ترسیشیان ھەیە لەگەڵ ڕوخانی ڕژیم شەڕی ناوخۆ، خراپتر لەوەی سوریا، بەرۆکی ئیران بگرێت .

زۆرینەی کۆنگرێس، بۆچونیان وایە ئەبێت وانەیەک لەعیراق و ئەفغانستانەوە وەربگرن، بڕیاری ھەڵەشەو پەلە نەدرێت ،ھاوشیوەی ئەم دوو ووڵاتە ، کە ملیاران دۆلارو ھەزاران سەربازی کردۆتە قوربانی .

خەڵکێکی زۆری ڕۆژھەڵاتیش پێی وایە ئەمریکا و سعودیە و ئیسرائیل دێن گۆرانکاری لەئیراندا دەکەن ! ئەوەی ئێستا باس دەکرێت، تەنھا ھەڵمەتێکی ڕاگەیاندنی مێدیاکانی جیھانیە و گەمەیەکی تری گەمارۆیی ئابوریە، بۆ ھێنانی ئێرانیەکان بەلاوازی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و ھیچیتر .

ئەمریکا ھەمان سینارێۆی عیراق دووبارە ناکاتەوە و ھیچ شتێک بەرامبەر ئێران ناکات ، وەک کردنەوەی بەرەی شەڕ یان لێدانی دوور ھاوێژ .

تەنھا دوو کەسایەتی لۆبی بۆ ئەو دروشمەی ڕوخانی ئیران ئەکەن و ، ئومیدیان لەسەر موجاھیدنی خەڵق ھەڵچنیەوە ، ئەویش، "جولیانی" و "پەمپیۆ" یە ، پێیان وایە ئاسانە ، بەڵام ئیدارەدانی دوای گۆڕینەکەی رژێم سەختەو ، لەدەست دەردەچێت وەک عیراق .

ئەمریکا تەنھا سزاکان زیاتر دەکات، بەهەمان شێوەی کۆریا، تا ئیران دەستبەردار دەبێت، کۆنگرێسی ئەمریکی پێی وایە سزاکان وا دەکات ئیرانیەکان بیرێک لەخۆیان بکەنەوەو زیاتر ھەوڵی گۆرانکاری لەناوخۆدا بدەن .

ئەم جارە ھەموو ئۆپۆزسێۆنی ئیرانی داوای پارەیان کردبوو، جیاواز لەئیدارەکانی پیشوو، ترامپ ئامادە نیە سەنتێک لەگۆڕانکاری ئیراندا سەرف بکات وەک چۆن لە رابردوودا ئۆپۆزسێۆنی عیراقی ١٠٠ ملێۆن دۆلاری وەرگرت و ئەوەی بە ئەمریکیەکانیان ووتبوو درۆ دەرچوو، کە لادانی سەدامەو دوای ھەفتەیک ھەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە.

ترامپ نایەوێت ئەم دوو ساڵە ھیچ بەرەیەکی شەڕ بکاتەوەو ، ببێت بەکارتێکی دۆڕاو لەھەڵبژاردنەکانی نیوەی کۆتایی بەڕێوەیە ، کە کورسییەکی زۆر لەدەست ئەدات لەکۆنگرێس، بەرامبەر دیموکراتەکان و، پلانی چوار ساڵی داھاتووی ھەیە، دوای کۆتایی تێرمی یەکەمی سەرۆکایەتی .

ھەر وەک چۆن لەعیراقدا حزبێک نیە نوێنەرایەتی تەواوی عیراقیەکان بکات لەئیرانیشدا بەھەمان شیوە ، ھیچ یەکێک لەھێزە ئۆپۆزسێۆنەکان نوینەرایەتی سەرتاسەری ئیرانیەکان ناکەن و زۆر لە ئێمە پەرتەوازەترن .

ئەمریکا چاوەڕێیە خەڵکی ئیران گۆڕانکاری بکات و ، ئەوان دەست خۆشیان لێ بکەن ، ئەوەش ئاسان نیە ، چونکە زۆرینەی خەڵکی ئیران ھێشتا ھەر ئەو جۆرەی حوکمڕانیان قبوڵە ، ترسیان ھەیە ئەوەی دێت لەمەی ئێستا خراپتربێت ، لەسەردەمی کۆتایی ئیمپراتۆڕی قاجار و ھێنانی پەھلەوی و مەلاکانیش ، ھەڵبژاردەی خۆیانە ، ھەر خۆشیان ئەبێت ھەوڵی ئەو گۆڕانکاریە بدەن .

6175 جار خوێندراوەتەوە