سلێمانی؛ دانیشتوانی دوو گەڕەك گردبونەوە و داوا دەكەن ئەو زەویە بكرێتە خوێندنگا
بەهۆی دەستبەسەردا گرتنی شەش دۆنم زەوی لەلایەن شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی یەكەی 70ی هێزی پێشمەرگە، دانیشتوانی دوو گەڕەكی شاری سلێمانی گردبونەوە و داوا دەكەن ئەو زەویە بكرێتە خوێندنگا بۆ گەڕەكەكانیان.
دانیشتوانی گەڕەكی زانیار و دابان، كە نزیكەی هەزار و 200 ماڵن، لە نزیك فەرماندەیی لە شاری سلێمانی، گردبونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامدا و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لە لایەن شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی یەكەی 70ی هێزەكانی یەكێتیەوە، شەش دۆنم زەوی هاوڵاتیەك لە سنوری گەڕەكەكانیان دەستی بەسەردا گیراوە.
دەشڵێن، یەكێتی لە كاتی بانگەشەدا بەڵێنی پێداون، كە ئەو زەویە بكاتە خوێندنگا، بەڵام تەنها چەند رۆژێك بەسەر هەڵبژاردندا رۆیشتووە و ئێستا دەیانەوێت زەویەكە بەسەر دارو دەستەكەیاندا دابەش بكەن.
ئەو هاوڵاتیانە داواش دەكەن، زەویەكە بكرێتە خوێندنگە و قەرەبووی ئەو هاوڵاتییەش بكرێتەوە، كە ئێستا كێشەكەی لە دادگایە.
17008 جار خوێندراوەتەوە