قۆڵبڕەكان گیرفانی چەند كەمئەندامێك دەبڕن
بریكاری خاوەن پێداویستی تایبەت
لە گەرمیان چەند كەسێك فێل لە خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان دەكەن و لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا پارەیان لێوەردەگرن، ئەوەش لەكاتێكدایە حزبە دەسەڵاتدارەكان بانگەشەی ئارامی و پاراستنی ژیانی خەڵك دەكەن.
لەكاتێكدا 9 مانگە موچەیان پێنەدراوە، خەمێكی تر بەرۆكی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان دەگرێت، كەسانێك لەڕێگەی تەلەفۆنەوە هەوڵی فریودان و هەڵخەڵەتاندنیان دەدەن.
لە ژێر سێبەری ئاسایش و ئارامی حزبدا، ژمارەیەك گروپ دروستبوون دەیانەوێت پارە لە خەڵك بسێنن و خاوەن پێداویستیە تایبەتەكانیش بونەتە نێچیری فێڵەكانیان و پێیدەڵێن: زەویان بۆ دەرچوە یان پاشەكەوتی موچەكانیان بۆ گەڕاوەتەوە، لەبەرامبەر ئەوەشدا داوای پارەو كارتی مۆبایلیان لێدەكەن.
ئەم كێشەیە ڕووبەڕووی سودمەندانی بەشی چاودێری خێزانیش بۆتەوە، كە ماوەی سێ ساڵە موچەكانیان بڕاوە، هەرچەندە باس لەوەدەكرێت گروپێكی سێ كەسی لەسەر ئەو كارە دەستگیركراون، بەڵام كێشەكە چارەسەرنەكراوە.
لەئێستادا خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان موچەی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٧یان وەرگرتووە، سەرەڕای بێ موچەیی و خراپیی دۆخی گوزەرانیان لەسایەی دەسەڵاتی شكستخواردوی كوردی و بەهۆی قەیرانی داراییەوە كەسانێك هەلی ئەوەیان بۆ ڕەخساوە گیرفانیان ببڕن.
1851 جار خوێندراوەتەوە