ئەنجومەنی راژەی گشتی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت کە پێوەرە
"پیشەیی و نیشتمانییەکان" لە دیاریکردنی پۆستە باڵاکاندا پەیڕەو بکات،
بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای دامەزراوەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی بنەماکانی
حوکمڕانی ڕەشید. ئەمەش لەکاتێکدایە کە گفتوگۆکان لەسەر بەڕێوەبردنی هەزاران پۆستی
باڵا بە وەکالەت لە عێراق بەردەوامییان هەیە.
فازڵ غەراوی،
وتەبێژی ئەنجومەنەکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "حکومەت سوورە
لەسەر ئەوەی پۆستە باڵاکان بەدوور لە پشکی حزبی (مەحسوبییەت) دیاری بکرێن."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پێوەرانەی دیاریکراون بریتین لە: توانای پیشەیی، دەستپاکی،
ئەزموونی کارگێڕی، بڕوانامەی زانستی گونجاو لەگەڵ سروشتی پۆستەکە، هەروەها توانای
سەرکردایەتیکردن و بڕیاردان و سەربەخۆیی لە ئەنجامدانی ئەرکەکاندا، بەجۆرێک
بەرژەوەندی گشتی لەسەرووی هەموو حساباتێکی سیاسی یان کەسییەوە بێت.
غەراوی
دووپاتیکردەوە کە پەیڕەوکردنی ئەم پێوەرانە متمانەی هاووڵاتییان بۆ دامەزراوەکانی
حکومەت دەگەڕێنێتەوە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە فایلەکانی پۆستە باڵاکان لە
عێراق یەکێکە لە ئاڵۆزترین دۆسیە کارگێڕییەکان و چەندین ساڵە بەشێکی زۆری ئەو
پۆستانە بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن، ئەمەش ناڕەزایەتی سیاسی و پەرلەمانی بەدوای
خۆیدا هێناوە بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە.
لەلایەکی
دیکەوە، ئەم هەوڵانەی حکومەت بۆ چاکسازیی کارگێڕی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ
باشترکردنی ئاستی دامەزراوەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدایە، کە هاوکاتە لەگەڵ
ئەو ڕێکارە یاساییانەی لەژێر ناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان"ـدا دەستیان
پێکردووە و بووەتە هۆی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک بەرپرس و
ئەنجامدانی دەیان ئۆپەراسیۆن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی
دەوڵەتدا.
53 جار خوێندراوەتەوە