پاکستان داواکارییەکانی ئێران لە ئەمریکا ئاشکرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
01:47 - 25/04/2026
کوردستان
+
-

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە ئیسلام ئاباد داواکارییە فەرمییەکانی سەرکردایەتیی وڵاتەکەی ڕادەستی بەرپرسانی باڵای پاکستان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە تاران بە هیچ مەرج و هێڵێکی سووری ئەمریکا بۆ دانوستان ڕازی نابێت.

 

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، عێراقچی لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سەرکردایەتیی پاکستان و فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە، پەیامێکی ڕوونی داوە کە ئێران ناچێتە سەر مێزی گفتوگۆیەک کە تێیدا واشنتن پێشوەختە هێڵی سوور دیاری بکات.

 

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران هەر جۆرە ناکۆکییەکی لە نێوان سەرکردەکانی وڵاتەکەی ڕەتکردووەتەوە و جەختی لە یەکڕیزیی بڕیاری سیاسی لە تاران کردووەتەوە.

 

بەرپرسێکی پاکستانی ئاشکرای کردووە کە داواکارییەکانی ئێران بریتین لە "هەڵگرتنی ئابڵۆقە و گەمارۆکان" و "ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەمریکا".

 

 هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە عێراقچی سەرکردایەتیی پاکستانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی تاران "تێبینی و پارێزگاریی تەواوی" بەرامبەر بەو داواکارییانە هەیە کە لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە ڕوو.

3095 جار خوێندراوەتەوە