ئەنجومەنی قەزای پشدەری بزووتنەوەی گۆڕان: خەڵکی پشدەر لە بەڵێنی بێکردار ماندوو بوون

KNN : Kurdish News Network
09:32 - 24/04/2026
کوردستان
+
-

بزووتنەوەی گۆڕان لە پشدەر، لە یادی 52 ساڵەی بۆردومانکردنی قەڵادزێ و 44 ساڵەی ڕاپەڕینی ناوچەکەدا، ڕەخنە لە فەرامۆشکردنی ناوچەکە و جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکان دەگرێت و داواش دەکات حکومەتی فیدراڵی قەرەبووی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بکاتەوە.


ئەنجومەنی قەزای پشدەری بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ هەینی (٢٤ی نیسان)، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ، دەسەڵاتی کوردی نەیتوانیوە وەک پێویست ئاوڕ لەو ناوچە قوربانیدەرە بداتەوە و خەڵکەکەی لە بەڵێنی بێکردار و سواو ماندوو بوون کە تەنها لە یادەکاندا دەدرێن. بزووتنەوەکە دیارترین نموونەی ئەو پشتگوێخستنەی بە نەکردنەوەی زانکۆیەک لە شوێنی "زانکۆ شەهیدەکە"ی قەڵادزێ بەستووەتەوە، لە کاتێکدا لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی کوردستان زانکۆ دامەزراوە، بەڵام بۆ پشدەر تەنها بەڵێنی بێ بنەما دراوە.


لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، گۆڕان سێ داواکاریی سەرەکی دەخاتەڕوو بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە، کە بریتین لە: دەرھێنانی قەزای پشدەر لە بازنەی بەڵێنەکان و خستنیە ناو کارنامەی جێبەجێکردنی حکومەت، تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ ئیدارەی ناوچەکە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی شایستە، هەروەها خێراکردن لە تەواوکردنی پڕۆژە جێهێڵدراوەکان و دەستپێکردنی پڕۆژەی نوێی ئاوەدانکردنەوە کە لەگەڵ مێژووی دەڤەرەکەدا بگونجێت.


سەبارەت بە عێراق و مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی قەزای پشدەری بزووتنەوەی گۆڕان هۆشداری دەدات کە هێشتا مەترسییەکان کۆتاییان نەهاتووە و هەندێک لایەن لە عێراق خەون بە ناوەندگەرێتیی دەسەڵات و تێکشکاندنی قەوارەی هەرێمەوە دەبینن. لەبەرامبەردا داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات لەبری پشتگوێخستن، ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە قەرەبوو بکاتەوە.


لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا، بزووتنەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە زوڵم و غەدر ئیرادەی گەلان تێکناشکێنێت و دەبێتە سووتەمەنی بۆ ڕۆحی بەرگری، ڕێک وەک چۆن ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٨٢ی پشدەر، بووە هەوێنی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ی گەلی کوردستان.


دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی قەزای پشدەری بزووتنەوەی گۆڕان لە یادی کارەسات و ڕاپەڕینی (٢٤ی٤) قەڵادزێدا:

ئەمڕۆ (٥٢) ساڵ بەسەر بۆردومانی درندانەی شاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی و (٤٤) ساڵیش بەسەر ڕاپەڕینی شکۆداری ساڵی (١٩٨٢)ی خەڵکی قارەمانی پشدەردا تێدەپەڕێت.

خەڵکی تێکۆشەری پشدەر…

تێپەڕبوونی ساڵەکان، نە پەڵە ڕەشەکانی مێژووی ستەمکاری کاڵ دەکەنەوە نە برینەکانی پشدەریش لە یاد دەچن، بەڵکو وەک ناسنامەیەکی زیندوی مەزڵومییەتی گەلەکەمان دەمێننەوە. مێژوو سەلماندویەتی کە هیچ تاوان و غەدرێک ناتوانێت ئیرادەی گەلان تێکبشکێنێت، بەڵکو زوڵم دەبێتە، سووتەمەنی بۆ ڕوحی بەرگری، ڕێک وەک چۆن ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٨٢ی پشدەر، بوە هەوێنی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ی گەلی کوردستان.

ئێمە لە کاتێکدا یادی ئەم کارەساتە دەکەینەوە، هێشتا مەترسییەکان کۆتاییان نەهاتوە، لە عێراقێکدا کە هێشتا هەندێک لایەن خەون بە، ناوەندگەرێتیی دەسەڵات، و تێکشکاندنی قەوارەی هەرێمەکمانەوە دەبینن، ئەرکی حکومەتی فیدراڵە کە لەبری پشتگوێخستن، ناوچە زیانلێکەوتووەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە قەرەبوو بکاتەوە و برینەکان سارێژ بکات.

هاونیشتمانیانی ئازیز…

جێگەی داخێکی گرانە، کە لە دوای راپەرینەوە تا ئەمڕۆ، دەسەڵاتی کوردی نەیتوانیوە وەک پێویست ئاور لەم ناوچە قوربانیدەرە بداتەوە، خەڵکی پشدەر ماندون لەو هەموو بەڵێنە بێکردار و سواوانەی کە تەنها لە یادەکاندا دەدرێن و دواتر دەخرێنە پەراوێزەوە.
دیارترین نمونەی ئەم بێوەفایی و پشتگوێخستنە نەکردنەوەی زانکۆیەکە لە شوێنی، زانکۆ شەهیدەکە، لە کاتێکدا لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان زانکۆ دامەزرا، کەچی لێرە تەنیا بەڵێنی بێ بنەما بە خەڵک درا.
بۆیە لێرەوە داواکارییەکانمان ڕادەگەیەنین:

١-پێویستە قەزای پشدەر لە بازنەی بەڵێنەکان دەربهێندرێت و بخرێتە ناو کارنامەی جێبەجێکردنی 
حکومەتەوە.

٢-تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ ئیدارەی ناوچەکە و بەهێزکردنی دامەزراوەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی شایستە.

٣-خێراکردنی کارەکان لە پڕۆژە جێهێڵدراوەکان و دەستپێکردنی پڕۆژەی نوێی ئاوەدانکردنەوە کە لەگەڵ مێژووی پڕ لە شکۆی ئەم دەڤەرە بگونجێت.

پشدەر و قەڵادزێ شایستەی ئاوڕدانەوەی ڕاستەقینەن، نەک دروشمی بریقەداری سەر شاشەکان.

سەری ڕێز بۆ شەهیدانی (٢٤ی ٤) و تەواوی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دادەنەوێنین.

ئەنجومەنی قەزای پشدەری بزووتنەوەی گۆڕان
٢٤ی٤ ٢٠٢٦

93 جار خوێندراوەتەوە