​52 ساڵ بەسەر بۆردومانکردنى قەڵادزێ تێپەڕى

KNN : Kurdish News Network
09:11 - 24/04/2026
کوردستان
+
-

ئەمڕۆ (24)ی نیسان، (52) ساڵ بەسەر بۆردومانکردنى ناوەندى شارى قەڵادزێ تێپەڕ دەبێت کە زیاتر لە (400) شەهید و بریندارى لێکەوتەوە.


هاوشێوەی شار و ناوچەكانی دیكەی كوردستان، قەڵادزێ‌ یەكێكی دیكەیە لەو شارانەی كوردستان، كە بەدرێژایی مێژو چەندین جار روبەڕوی هێرشی دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكان بوەتەوە و تا گەیشتوەتە ئەوەی تەواوی شارەكە وێران بكرێت.


دواى ئەوەى رژێمی پێشوى بەعس لە بەیاننامەی (11)ی ئازار پاشگەزبوەوە و خەڵكی كوردستانی بەبێ جیاوازی بە پاڵپشتی شۆڕش وەك خیانەتكار لەقەڵەمدا ولە رۆژی (24/4/1974) لەلایەن ئەو رژێمەوە بە فڕۆكە و بۆمبى ناپاڵم شارى قەڵادزێ بۆردومان كرا، جگە لەو کاولکارى و وێرانکارییەى جێما، زیاتر لە (400) كەس لە خوێندكاری زانكۆ و ژن و منداڵ و پیر و گەنجی ئەو شارە شەهید و برینداربون و دوای ئەو تاوانەش دانیشتوانی قەڵادزێ‌ راگوێزران ‌و شارەکە لەگەڵ زەوی تەخت كرا.


لەو بۆردومانەدا کە کاتژمێر (10:00)ى سەر لەبەیانی دەستى پێکرد، بیناى سەرۆكایەتی زانكۆ و بەشی ناوخۆیی، كە لەوكاتەدا لە شاری سلێمانییەوە گواسترابوەوە بۆ ئەو قەزایە، لەگەڵ خوێندنگەكان و ماڵەكانی دەوروبەری کرانە ئامانجى فڕۆکەکانى بەعس و بەهۆیەوە (165) كەس بە خوێندكار و ژن و پیاو و منداڵەوە شەهید بون و (250) كەسی دیكەش برینداربون، هەروەها زۆرینەی خانوو باڵەخانەكان روخان و وێران كران.


بۆردومانى (24/4/1974)ى تاکە هێرشى رژێمەکان نەبوە بۆسەر قەڵادزێ، بەشێوەیەک بەچەندین قۆناغ روبەڕوی راگواستن و وێرانكاری بوەتەوە، بەشێوەیەک لەكاتی سەرۆكایەتی عەبدولسەلام عارف لەساڵی (1963) و دواتریش لە سەردەمی سەرۆكایەتی عەبدولڕەحمان عارف لە ساڵی (1966) بۆردومانكراوە.


هاوكات لە ساڵی (1977) دانیشتوانی گوندەكانی بناری قەندیل راگواستران و دواتریش لەساڵی (1978) گوندەكانی دیكەی دەوروبەری قەزاكە بەزۆرەملێ لەلایەن رژێمی بەعسەوە راگواستران بۆ كۆمەڵگا زۆرەملێكانی بەستەستێن و توەسوران و ژاراوە و پێماڵك.


لە راپەڕینی (24/4/1982) كە بۆ یادی بۆردومانەكەی ساڵی (1974) ئەنجامدرا دو هاوڵاتی شەهیدكران و دواین قۆناغی راگواستنی زۆرەملێى سنوری قەزای پشدەریش لە (26/6/1989)بو كە قەزاكە بە تەواوی بەناوچەی قەدەغەكراو لەقەڵەمدرا و شارەكە و گوندەكانی دەوروبەری لەگەڵ زەوی تەختكران.


بەپێى بەڵگەنامە مێژوییەکان و لێدوانى دانیشتوانى پشدەر، لە راگواستنى ساڵى 1989ى پشدەر، هیچ خانویەک لە قەڵادزێ بەپێوە نەماوە و هەموى روخێنراوە.


قەڵادزێ‌ بە دوری ( 138) كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانییەوە دورە و هاوسنورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی كوردستان، لە روی كارگێڕییەوە قەزایە و سەر بە ئیدارەی راپەڕینە و هەر پێنج ناحیەی سەنگەسەر، ژاراوە، هێرۆ، هەڵشۆ، ئیسێوە لەخۆدەگرێت و نزیکەى 400 گوندیش لە سنورەکە بونى هەیە.

124 جار خوێندراوەتەوە