وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆتاییهاتنی سەرجەم ئامادەکارییەکانی بۆ پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ ڕاگەیاند و وردەکاریی گەشتکردنی حاجیانی هەرێم و سزا نوێیەکانی سعودیە بۆ حەجی نایاسایی ئاشکرا دەکات
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەکانی پڕۆسەی حەج کۆتاییان هاتووە و یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم لە ڕۆژی 7ـی5 ، لە ڕێگەی وشکانی و بە پاس بەرەو ماڵی خودا بەڕێدەکەون، دواتریش کاروانەکانی دیکە لە سەرجەم پارێزگاکانەوە بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەرەو مەدینەی منەوەرە دەست بە گەشتەکانیان دەکەن
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی ئەمساڵ فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوە کرد کە پێنج هەزار و 120 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستانەوە گەشتەکە ئەنجام دەدەن
هاوکات هۆشدارییەکی توندی دایە ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە نایاسایی حەج بکەن و وتی: "حکومەتی سعودیە بڕیاری زۆر توندی داوە؛ هەر کەسێک بە ڤیزای جیاواز و بە شێوەی نایاسایی بمێنێتەوە، بە توندی سزا دەدرێت. سزا داراییەکان لە پێنج هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکەن و دەگاتە زیندانیکردنیش
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نەبەز ئیسماعیل باسی لە هەوڵەکانی وەزارەت کرد بۆ کەمکردنەوەی تێچووی حەج و ڕایگەیاند: "وەک چۆن ساڵی ڕابردوو بڕە پارەیەک وەک قەرەبوو بۆ حاجیان گەڕێندرایەوە، ئەمساڵیش وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە هەوڵەکانیان دەستپێکردووە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی هاتووچۆ، تاوەکو بڕە پارەیەک بۆ سەرجەم حاجیانی عێراق و هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە."
115 جار خوێندراوەتەوە