ئەمریکا ناردنی 500 ملیۆن دۆلاری کاشی بۆ عێراق ڕاگرت

KNN : Kurdish News Network
09:20 - 22/04/2026
ئابوری
+
-

ئەمریکا، گواستنەوەی بڕی 500 ملیۆن دۆلاری کاشی لە داهاتی نەوتی عێراق ڕاگرتووە، ئەمەش وەک بەشێک لە هەڵمەتی فشارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ترەمپ بۆ سنووردارکردنی هەژموونی گروپەکانی نزیک لە ئێران لە حکومەتی نوێی عێراق و ڕاگرتنی هێرشی ئەو گروپانە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

 

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاوکراونەتەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گواستنەوەی ئەو 500 ملیۆن دۆلارەی بلۆک کردووە، کە لە هەژمارەکانی عێراق لە بانکی فیدراڵیی نیویۆرکەوە دابین کرابوو. هاوکات لەگەڵ ڕاگرتنی ناردنی دۆلار، پرۆگرامەکانی هەماهەنگیی ئەمنی و دابینکردنی پارە بۆ بەشێک لە مەشقە سەربازییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تا کاتی پێکهێنانی حکومەتێکی پەسەندکراو لەلایەن واشنتۆنەوە هەڵپەسێردراون.

 

ئەمریکا لە ئێستادا کۆنترۆڵکردنی داهاتە نەوتییەکانی عێراق وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنێت، بۆ ئەوەی بەغدا ناچار بکات بکەرانی هێرشەکانی سەر باڵیۆزخانەکەی ئاشکرا بکات و ڕێگری لە بەشداریکردنی گروپە نزیکەکانی ئێران لە کابینەی داهاتوودا بکات.

 

سەرەڕای ئەوەی میدیا جیهانییەکانی وەک وۆڵستریت جۆرناڵ و ڕۆیتەرز ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام پێشتر بانکی ناوەندیی عێراق ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە ڕاگرتنی ناردنی دۆلاری ڕەتکردبووەوە.

 

ئەم هەنگاوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە گرژییە ناوچەییەکان و جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەتەواوی قووڵبوونەتەوە، مەترسیی ئەوەش دەکرێت کە ئەم بڕیارە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی دۆلار لە بازاڕەکانی ناوخۆی عێراق و دابەزینی بەهای دینار.

92 جار خوێندراوەتەوە