بەبۆنەی ڕۆژی هەشتی مارسەوە ئاففرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوەدەدەن کە رۆژی ٨ی مارس، رۆژی جیهانی تێکۆشان و بەرزکردنەوەی داواکارییەکانی ژنانە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، رۆژی خەباتە بۆ روبەڕوبونەوەی ستەم و نابەرابەری.
بەدرێژایی مێژوو، ژنانی کوردستان شانبەشانی پیاوان تێکۆشاون بۆ ئاشتی و ئازادی و سەربەخۆیی، لە نوێترین هەوڵ و تێکۆشان دا ژنان رۆڵیان هەبووە و سەرکەوتوو بون تیایدا، شۆڕشی (کەزی)یە بە پێشەنگایەتی ژن ئەزمونێکی سەرکەوتویان تۆمارکرد بۆ جیهانیان سەلماند کە هەرگیز ژنی کورد ملکەچی ستەم و چەوسانەوە نابێت.
تەواوی ڕاگەیەندراوەکە
ڕاگەیەنراوی ئافرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ٨ی مارس
رۆژی ٨ی مارس، رۆژی جیهانی تێکۆشان و بەرزکردنەوەی داواکارییەکانی ژنانە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، رۆژی خەباتە بۆ روبەڕوبونەوەی ستەم و نابەرابەری و بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستەی شکۆمەندانە لە روی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە.
ئەم رۆژە سیمبولییە ساڵڕۆژی یادی خەباتی کۆمەڵە ژنێکی کرێکارە كە بە گیانی خۆیان بڵێسەی مەشخەڵی تێکۆشانیان پرشنگدار کرد و بونە سەرمەشقی قوربانیدان.
گیانبەختکردنی ئەو کۆمەڵە ژنە بووە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی بزاوتی خەباتی ژنان دا، بەم تێکۆشانە سەلماندیان کە چیتر ژنان بێدەنگ نابن لە بەرامبەر جیاکاری و نابەرابەری و هەڵاواردن و زەوتکردنی مافەکانیان دا.
بەدرێژایی مێژوو، ژنانی کوردستان شانبەشانی پیاوان تێکۆشاون بۆ ئاشتی و ئازادی و سەربەخۆیی، لە نوێترین هەوڵ و تێکۆشان دا ژنان رۆڵیان هەبووە و سەرکەوتوو بون تیایدا، شۆڕشی (کەزی)یە بە پێشەنگایەتی ژن ئەزمونێکی سەرکەوتویان تۆمارکرد بۆ جیهانیان سەلماند کە هەرگیز ژنی کورد ملکەچی ستەم و چەوسانەوە نابێت، تێدەکۆشێ لە پێناو مافە تایبەتیەکانی خۆی و مافە گشتییەکانی میللەتەکەیدا.
پێویستە ڕێز لە رۆڵ و خەباتی ژنانی چالاک و تێکۆشەر بگیرێت، بە تایبەت ئەو ژنانەی روبەڕوی بیری توندڕەوی و توندوتیژی و نابەرابەری و نەبونی پاڵپشتی یاسایی دەبنەوە بەهۆی کوردبونیانەوە، هەروەها ئەوانەی لە تێکۆشان بەردەوامن و بەشداریان کردوە لە بزوتنەوە ئازادیخوازەکان دا بۆ سەلماندنی بونی خۆیان و بەهێزکردنی پێگەی ژن قوربانیان داوە.
خەباتی شارستانی بۆ ئازادکردنی ئافرەتان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئەڵقەیەکی گەورەتری خەبات بۆ ئازادکردنی کۆمەڵگە بە گشتی، بەبێ بونی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر مەحاڵە ئافرەت بگات بە مافە سیاسی و مەدەنی و یاساییەکانی، کە لانی کەم دادی کۆمەڵایەتی و ژیانی هاوبەشی دابین کردبێت.
هەروەها نەبونی پەرلەمان و حکومەتێکی نیشتیمانی هاوڵاتی، گرفتی یاسایی و دارایی و ئابوری گەورەی دروست کردوە بۆ تەواوی کۆمەڵگا، لەو گرفتانەش پشکی شێر بەر ژنان کەوتووە وەک گرفتی بێکاری، نەبونی و هەژاری، خراپی ئاستی گوزەران، خراپی رەوش و پێگەی ژن و خێزان، گرفتی هاوسەرگیری و کێشەی کۆمەڵایەتی و ناڕونی چارەنوسی کۆمەڵایەتی، دەستەبەر نەبوونی هەلی خوێندن بە خۆڕایی بۆ هەموو ئاستەکان، نەبونی بیمەی تەندروستی و تەندروستی گشتی، نادادی لە روی مافی هاووڵاتیبونەوە، جیاکاری نێوان توێژەکان و کاریگەری لە سەر نائومێدکردن و پێگەی ژن.
بۆ هەموو ئەو داواکاریانە پێویستە کۆتایی بەو ڕەوشە چەقبەستووەی حوکمڕانی بێت و پەرلەمان کارا بکرێت و حکومەتی نوێ بە چەمکی هاووڵاتیبون و خزمەتکردن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بێتە دامەزراندن و یاسا سەروەر بێت و چارەسەری گرفتەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بکرێ و بە یەکبون و یەکێتی گەلی کورد و خاکی کوردستان حەکیمانە بپارێزن لە ئاگری شەڕ و ماڵوێرانی.
ئافرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان
٨/٣/٢٠٢٦
60 جار خوێندراوەتەوە