سوپای پاسداران: بە مووشەک 3 شوێنمان لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج

KNN : Kurdish News Network
10:02 - 07/03/2026
کوردستان
+
-

سوپای پاسداران باس لەوەدەکات، سێ پێگەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە رێگەی مووشەکەوە لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.

 

بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، کاتژمێر 4:30 بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکەی مووشەکی سوپاکەیان سێ پێگەی "جوداخوازەکانیان" لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج. بە بێ ئەوەی شوێن و وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکەن.

 

"جوداخوازەکان" ئەو دەستەواژەیە کە بەرپرسانی ئێران بۆ حزبەکانی رۆژهەڵات بەکاریدەهێنن و لە رۆژانی رابردوودا چەندین جاری دیکە بە درۆن پێگە و کەمپەکانی ئەو حزبانە لە هەرێمی کوردستان بەئامانج گیرابوون.

 

لە دوای بڵاوبوونەوەی چەند هەواڵێک لەبارەی خواستی ئەمریکا بۆ بەشداری هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شەڕ دژی ئێران و ئامادەکارییەکانی ئەو حزبانە، بەرپرسانی سیاسی و سەربازی تاران چەندین جار هەڕەشەیان لەو حزبانە و لە هەرێمی کوردستانیش کرد و لە رۆژانی رابردوودا هێرش و هەڕەشەکانیان چڕتر بووەتەوە.

 

لەوچوارچێوەدا بنکە و پێگەکانی حزبەکانی رۆژهەڵات لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی چەندین جار بە ئامانج گیران.

548 جار خوێندراوەتەوە