دەوڵەت باخچەلی دەبێت کەجەکە هەڵبوەشێتەوە و
گەڕانەوەی ئەو کەسانەشی چەکدادەنێن بە قۆناغبەندیی و دادپەروەریی دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا کەس بۆی نییە ڕەخنە لە کارەکانی کۆمسیۆنە پەرلەمانییەکەی تورکیا بگرێت.
هەواڵ:KNNC
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی
پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا-مەهەپە لە میانی کۆبوونەوەی پارتەکەیدا باسی لە پێسهاتەکانی
پڕۆسەی چارەسەریی کرد و داوای دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی کۆما جڤاکێن
کوردستان-کەجەکەی کرد.
باخچەلی وتی "پێویستە
دەستبەجێ کەجەکە هەڵبوەشێنرێتەوە، دەبێت ئەم هەنگاوە بەبێ دواکەوتن بنرێت".
سەبارەت بە
گەڕانەوەی ئەندامەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکەش بۆ باکوری کوردستان و
تورکات بەخچەلی وتی "گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی کە واز لە چەک دەهێنن بۆ نێو
کۆمەڵگە، بە شێوەی قۆناغبەندی و بەبێ زیانگەیاندن بە هەستی دادپەروەری، جێبەجێ
دەکرێت".
لە بارەی
کارەکانی کۆمیسیۆنە پەرلەمانییەکەی تورکیا کە ناڕەزایی کوردی بەدوادا هاتووە بەرامبەر
بە ناوهێنانی پرسی کورد وەک تیرۆر، باخچەلی وتی، کۆمیسیۆنەکە 20 کۆبوونەوەی کردوە و
دواتر ڕاپۆرت نوسراو و ئامادەکراوە و پەسەندکراوە، نابێت هیچ کەسێک بە کەم سەیری
ڕاپۆرت و کارەکانی کۆمسیۆنەکە بکات.
ئەوەش دوای
دێت کە لە 22ی ئەم مانگەدا کەجەکە ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە ڕاپۆرتی کۆمسیۆنی
پەرلەمانی تورکیا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە هەبوون و
پرسی کورد ناکرێت، بۆیە باسکردن لە خوشک-برایەتی کورد و تورک لە ڕووی کۆمەڵایەتی،
کەلتووری، سیاسی و یاساییەوە هیچ بەهایەکی نییە".
کەجەکە لە
ڕاگەیاندراوەکەدا وتوبوشی " تێکۆشانمان وەک یەکێک لە پاکترین و شکۆمەندترین
تێکۆشانی ئازادیخوازانە لە مێژوودا جێگەی خۆی گرتووە. بۆیە ئێمە پەسەندی ناکەین کە
تەڤگەرەکەمان بە تیرۆر ناوزەند بکرێت و ناکرێت داوا لە کەسێک بکرێت دەستبەرداری
چەک ببێت، کە وازی لە هەموو شت هێناوە و چەکی هەڵگرتوە و دەستی داوەتە خەبات، ئەوە
شکاندنی شکۆیە".
79 جار خوێندراوەتەوە