تولای حاتیمئۆغڵاری
دەڵێت ڕاپۆرتەکەی کۆمسیۆنە پەرلەمانییەکە پرسی کوردی وەک تیرۆر ناساندوە و هەمان
باوەڕی کۆنە بەرامبەر بە کورد.
هەواڵ:KNNC
تولای حاتیمئۆغڵاری هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی لەبارەی
دواپێشهاتەکانی چارەسەریی قسەیکرد و ڕایگەیاند ڕاپۆرتەکەی پەرلەمانی تورکیا لە
ئاست چاوەڕوانییەکاندا نەبوون و بە هەمان باوەڕی کۆن و دژەکوردەوە مامەڵەی لەگەڵ
کورد کردوە و پرسی کوردی بە تیرۆر ناوبردوە.
تولای حاتیمئۆغڵاری ڕایگەیاند، لە ڕاپۆرتەکەدا
پێشنیازی بەرچاو بۆ چارەسەری پرسی کورد نییە و زیاتر بەرهەمی باوەڕی دەوڵەتی کۆنە،
ڕای گشتی تورکیا چاوەڕوانییەکی گەورەی لە ڕاپۆرتەکە هەبوو، بەڵام ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە
هیواکانی شکاند، دەبوو لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە هەبوونی پرسی کورد لە تورکیا بکرایە
و ئەم پرسە ناوبنرایە، دەسەڵات و هاوکارەکانی لەبری ناونانی ئەم پرسە، بە بیری
کلاسیکی دەوڵەتپارێزەوە، ئەم پرسەی لە چوارچێوەی تیرۆردا لەقاڵبدا.
وتیشی، پرسی کورد پرسی تیرۆر نییە، پرسێکی سیاسی
و کۆمەڵایەتی و کولتووری و زمان و ئابوورییە، پێویستە لە هەموو ڕوویەکەوە چارەسەربکرێت.
لەبارەی مافی هیواوە ڕایگەیاند "ئێمە دەزانین کە
مافی هیوا لە چوارچێوەی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپادایە و دەبێت لەم
ڕووەوە هەمواری تایبەت هەبێت، بۆچی ئەمە گرنگە؟ بەڕێز ئۆجالان ئەکتەرێکی گرنگی ئەم
پڕۆسەیە و دانوستانکاری ڕاستەوخۆیە، بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە بەشێوەیەکی تەندرووست بەڕێوەبچێت،
دەبێت بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بتوانێت لە هەلومەرجی ئازاددا کار بکات.
هەروەها، ئێمە لەو باوەڕداین لە نێو کورددا پرسی
زمانی دایک پرسێکی بنچینەییە، هەربۆیە دەکرا لەم ڕاپۆرتەدا لەسەر پرسی زمانی دایک
بەڕوونی هەڵوەستە بکرایە، ئێمە پێداگریمان لەسەر ئەوە کرد و نە قسەکردن لەسەر پرسی
کورد و نە زمانی دایک وڵات دابەش ناکات و ڕەخنەمان لە بەشێکی زۆر لە زمان و چەمکە
بەکارهێنراوەکان هەیە."
تولای حاتیمئۆغڵاری وتیشی: دەبێت دوای ڕاپۆرتەکە
هەنگاوی یاسایی و سیاسیی بەرچاو بگیرێنە بەر، یەکەم شت باسی مافی زمان دەکەن و دەڵێین:
با بەڕێز ئۆجالان ئازاد ببێت، دەڵێین: با منداڵان لە چیاکان بگەڕێنەوە و بەشداری لە
سیاسەتی دیموکراتیک بکەن، دەڵێین: منداڵەکانمان وەک دیلێکی سیاسی لە زیندان ڕاگیراوە،
با ئازاد ببن، هەربۆیە دەبێت داواکارییەکانی گەل جێبەجێ بکرێن و هەنگاوی کۆنکرێتی
لەسەر ئەو پرسانە بنرێت.
101 جار خوێندراوەتەوە