کەنەکە: پاراستنی ڕۆژئاوا ئەرکێکی نیشتمانییە و پێویستە لە زووترین کاتدا کۆنفرانسی نەتەوەیی ببەسترێت

KNN : Kurdish News Network
04:20 - 26/01/2026
کوردستان
+
-

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە شاری برۆکسل کۆبوونەوەیەکی فراوانی بۆ پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ڕێکخست و تێیدا ڕایگەیاند، کە ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم پیلانێکی مەترسیداردایە و پاراستنی ئەو بەشەی کوردستان بە ئەرکێکی نیشتمانی و شەرەفی کوردایەتی دەزانن.

 

لەو کۆبوونەوەیەدا کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی بارودۆخی ڕۆژئاوا، میران ساڵح، ئەندامی ژووری ڕەوەندی کوردی بە نوێنەرایەتی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری تێدا کرد و جەخت لەسەر هەڵوێستی بزووتنەوەکە کرایەوە بۆ یەکڕیزیی نەتەوەیی و پشتیوانیکردنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە بەرامبەر ئەو هێرشە دژوارانەی کە دەکرێنە سەر ناوچەکە.

 

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیان بەوە کرد، پێویستە هەموو هێز و لایەنە کوردییەکان ناکۆکییە ناوخۆییەکان وەلا بنێن و لە چوارچێوەی یەکێتییەکی نیشتمانیدا کار بکەن، هەروەها داوایان کرد لە زووترین کاتدا کۆنفرانسێکی نەتەوەیی ببەسترێت بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی هاوبەش بە مەبەستی بەرگری کردن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و پاراستنی ئازادییەکانی کوردستان.

 

ئەم هەڵوێستەی کەنەکە دوای ئەوە دێت کە هێرشی هێزە جیهادییەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕ بووەتەوە، هەر بۆیە لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، کە بە شێوەیەکی کردەیی ڕێگری لەو هێرشانە بکەن و هاوکاری گەلی کورد بن لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق.

67 جار خوێندراوەتەوە