مەزڵوم عەبدی دەڵێت لە ڕەققە و دێرەزوور کشانەوە چونکە شەڕەکە شەڕێکی بێمانابوو بۆ کورد، ئێستا بابەتەکە ڕۆژئاوای کوردستانە و نیشتیمان هێڵی سورە، هەرچەندە کورد شەڕی ناوێت و دەیەوێت لەڕێگەی دانوستانەوە مافەکانی دەستەبەربێت، بەڵام تا کۆتایی بەرگریی لە خاک دەکەن.
هەواڵ:KNNC
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە لەبارەی ڕەوشی
ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا قسەیکرد و ڕایگەیاند: کشانەوە لە ناوچە عەرەبییەکان
جیاوازبوو لە ئێستا کاتێک بابەت نیشتیمان بێت سازش لە هیچ شتێک ناکرێت.
فەرمانداری هەسەدە وتی، کورد لە ڕابردوودا بە مەبەستی پاراستنی ناوچەکە
چووەتە ڕەققە و دێرەزوور و لەدوای ئەوەی شۆڤێنییەت و دەمارگیریی لەوێ سەری هەڵدا
شەڕڤانان کشانەوە چوکە شەڕەکە شەڕێکی بێمانابوو بۆ کورد، ئێستا ئێمە لە ڕۆژئاوای
کوردستانین و لەسەر خاک و ئاوی خۆمانین نیشتیمان هێڵی سورە و تا دوا کەس ئێمە
بەرگریی لێدەکەین.
ژەنەراڵ مەزڵوم وتیشی، دانوستانەکان بەردەوامن بە هەوڵ و نێوەندگیریی
ئەمەریکا و فەڕەنسا و لایەنەکانی دیکە و ئێمە هەوڵ دەدەین ڕێککەوین مافی کورد وەک
خۆی دەستەبەربکرێت، لە چوارچێوەی دواڕێککەوتندا، ڕێککەوتنەکە کراوە جێبەجێکردنیشی
لەسەر هەندێک بابەت ماوە کە دانوستانیان لەسەر دەکرێت، هیواشی خواست هەمووان
پابەندی بەڵێنەکانیان بن و هەموو شت وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، چونکە کورد بە هەمان
بەرخۆدان و تێکۆشانی کۆبانێ بەردەوامە لە بەرگریی.
ئاماژەی بەوەشدا، بابەتی گەڕانەوەی ئاوەراکنی عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی
بەشێکن لە دانوستانەکان و جیاوازیی لەنێوان هیچ ناوچەیەکی کوردیدا نییە و دەبێت
ڕێککەوتنەکان بۆ هەموو ناوچەکان بن.
لەبارەی برایەتی گەلانیشەوە وتی، ئێمەی کورد گەلێکی خاوەن پەروەردە و
ئاکارین و بە درێژایی مێژوومان لەسەر بەهای جوانمانەوە تا ئێستا بەردەوامین، ئێمە
ناتوانین نەتەوەپەرستبین، بەڵام دەبێت بە ئاگایی یەوە تێکەڵبین لەگەڵ ئەوانی دیکە
و نزیکبوونەوەمان بەشێوەیەکی دروستبێت، ناتوانین بڵێین هەموو عەرەب خراپە چونکە
ئێمە چەندین سەرکردەی عەرەب لە ڕیزەکانماندایە و هەزاران شەهیدی عەرەبمان هەیە و
ئەوانیش ڕێزی ئێمە دەگرن.
لەبارەی هاوپشتییەکانی کوردان بۆ ڕۆژئاوا فەرماندارە کوردەکە ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی
دەبینرێت جێگەی خۆشحاڵییە و ڕۆژئاوا نرخنادێکی مەزنی بۆ ئەو پاڵپشتییانە هەیە بێگومان
جێگەی خۆیان دەگرن، بۆیە پێویستە گەل بەردەوام بێت لە هەموو جۆرە خەباتیک تا کورد
دەگاتە ئامانج و مافەڕەواکانی خۆی...
155 جار خوێندراوەتەوە