ڕێککەوتنی نهێنی نێوان سووریا و ئیسرائیل؛ ئایا جۆلان چۆڵ دەکرێت؟

KNN : Kurdish News Network
09:07 - 19/01/2026
کوردستان
+
-

ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی پەردەی لەسەر چەند زانیارییەکی نوێ لادا کە پەیوەندییان بەو ڕێککەوتنە نهێنییانەوە هەیە کە لە نێوان سووریا و ئیسرائیلدا تاووتوێ دەکرێن. بەپێی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان، باس لەوە دەکرێت کە یەکێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە داوایەکی سوریایە لەبارەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ کشانەوە لە نۆ خاڵی سەربازیی گرنگ کە پێشتر لە بەرزاییەکانی جۆلان کۆنترۆڵی کردبوون، بەڵام ئیسرائیل داواکەی رەتکردوەتەوە.


لە پاڵ ئەمەدا چەند خاڵێکی جێی مشتومڕ هەن کە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، کە گرنگترینیان پرسی ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئیسرائیلە بۆ کەمینە درۆزییەکانی باشووری سووریا و دەوروبەری دیمەشق. هەروەها وتووێژەکان باس لە کشانەوەی ئیسرائیل دەکەن لە چەند ناوچەیەکی ستراتیژی لە چیای شێخ، ئەمەش لە بەرامبەر وەرگرتنی گەرەنتییەکی ئەمنیی بەهێز لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە بۆ پاراستنی سنوورەکان و ڕێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک.


لە لایەکی ترەوە، سوپای ئیسرائیل هۆشداری دەدات لەوەی هەر بڕگەیەک کە هێرشە ئاسمانییەکانیان لە ناوخۆی سووریا سنووردار بکات، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی حزبوڵا و سەرلەنوێ کردنەوەی ڕێڕەوەکانی قاچاخی چەک لە ئێران و عێراقەوە بۆ ناو سووریا. لەگەڵ ئەم هەموو ئاستەنگانەشدا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ فشارەکانی چڕکردووەتەوە بۆ سەر هەردوو وڵات تا بگەنە ڕێککەوتنێک کە سەقامگیریی ئەمنی بۆ ناوچەکە بگێڕێتەوە و ڕەنگە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان لە داهاتوودا.

1173 جار خوێندراوەتەوە