دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری گۆڕان، پارتی سۆسیال دیموکرات فشارەکانی بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا دەستپێکرد

KNN : Kurdish News Network
09:28 - 16/01/2026
کوردستان
+
-

دوای کۆبوونەوەی ئاستی باڵای نوێنەرانی کورد و سەرکردایەتی دووەم گەورەترین پارتی سیاسی سویسرا، هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی بۆ کۆکردنەوەی واژۆ و فشارخستنە سەر حکومەتی ئەو وڵاتە دەستیپێکرد، بە مەبەستی پاراستنی کەمایەتییەکان و هاووڵاتیانی مەدەنی لە حەلەب و ڕۆژئاوای کوردستان.

دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو (١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦)، ڕەفیق عەبدوڵا، بەرپرسی ئەنجومەنی سویسرای بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتی سویسرا (SP)، لەگەڵ سێدریک ڤێرمووت، هاوسەرۆکی پارتەکە و ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان و فراکسیۆنی SP کۆبووەوە، لە ئێستادا ئەو پارتە بە فەرمی دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی واژۆ (Petition) بۆ پشتیوانی لە کەمایەتییەکانی سووریا.


ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە کۆبوونەوەکەی کانتۆنی ئارگاو، نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان ڕاپۆرتێکی وردی لەسەر "جینۆساید و پێشێلکارییە مرۆییەکان" لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) و هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی ئابووری ڕۆژئاوا پێشکەش بە سەرکردایەتی ئەو پارتە کردبوو.

داواکارییەکان لە حکومەتی سویسرا چیین؟
پارتی سۆسیال دیموکرات و ڕێکخراوی (JUSO)، لە ڕێگەی ئەم پەتێشنەوە داوا لە حکومەتی فیدراڵیی سویسرا (Bundesrat) دەکەن کە:
بڕیاری پەرلەمان جێبەجێ بکات: پەلە بکات لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ دەرچوو بۆ پاراستنی کەمایەتییە ئیتنی و ئایینییەکان لە سووریا.
پاراستنی هاووڵاتیان: سنوورێک بۆ کوشتنی ژن و منداڵ و کۆچی زۆرەملێی هەزاران هاووڵاتی لە حەلەب و ناوچەکانی تری ڕۆژئاوا دابنرێت.
سەرلەنوێ بونیادنانەوە: کار بکرێت بۆ پاراستنی تۆڕەکانی ئاو و کارەبا کە لە هێرشەکاندا کراونەتە ئامانج.

پارتی سۆسیال دیموکراتی سویسرا (SP) خاوەنی ٤٢ کورسی پەرلەمان و دوو وەزارەتە لە حکومەتی وڵاتەکەدا. جووڵاندنی ئەم کەیسە لەلایەن هێزێکی ئاوا گەورەوە، دۆسیەی کورد و کەمایەتییەکانی سووریا دەباتە ناو ناوەندی بڕیاری سیاسی لە یەکێک لە گرنگترین وڵاتە دیپلۆماسییەکانی جیهان، کە سویسرایە.

59 جار خوێندراوەتەوە