سێپان حەمۆ: هەسەدە پاڵپشتی بڕیاری ئەنجومەنی شێخ مەقسوود دەکات

KNN : Kurdish News Network
03:46 - 09/01/2026
کوردستان
+
-

سێپان حەمۆ: هەسەدە پاڵپشتی بڕیاری ئەنجومەنی شێخ مەقسوود دەکات  
سێپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕایگەیاند کە بڕیاری مانەوە و پاراستنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، بڕیارێکی سەربەخۆ و جەماوەریی ئەنجومەنی گەل و هێزەکانی ئاسایشە و هەسەدەش بە هەمو شێوەیەک پاڵپشتی لەو ئیرادە مەدەنییە دەکات

سێپان حەمۆ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی (Nûmedya24) ئاماژەی بەوە کرد کە  ئەنجومەنی گەلی شێخ مەقسوود و هێزەکانی ئاسایش بڕیاریان داوە لە گەڕەکەکانیاندا بمێننەوە و ئاسایشی ناوچەکە بە دەستی خۆیان دابین بکەن. ئێمە وەک فەرماندەیی هەسەدە، پشتگیری لەم بڕیارەیان دەکەن کە لەسەر بنەمای ئیرادەیەکی ئازاد دراوە

حەمۆ لە درێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر دۆخی یاسایی و سەربازیی ئەو دو گەڕەکە و وتی: بەپێی ڕێککەوتنی 1 ی نیسان کە پێشتر لەگەڵ دیمەشق کرابو، هێزەکانی هەسەدە لەو دو گەڕەکەدا بونیان نییە. بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە، پاراستنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕادەستی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کراوە و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی دیمەشقیش پێشتر ئەمەی پەسەند کردبوو

ئەندامەکەی فەرماندەیی گشتی هەسەدە ڕەخنەی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی سەر بە دیمەشق گرت و وتی: ئەو گەمارۆ و هێرشە قورسە سەربازییانەی کە بە تانک، تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرێنە سەر گەڕەکەکان، پێشێلکردنێکی ڕوونی ڕێککەوتنی 1 ی نیسانە. جیهان شایەتی ئەوەیە کە گەلەکەمان و هێزەکانی ئاسایش لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بەرگرییەکی بێوێنەیان کردوە و پاشەکشەیان نەکردوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سێپان حەمۆ داوای لە گەلی کورد و سەرجەم گەلانی سووریا کرد کە خوازیاری ئازادین، پشتیوانی لە خۆڕاگریی دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بکەن. حەمۆ جەختی کردەوە: ئەم بڕیارە بە دەسپێشخەرییەکی ئازادانەی خودی شێخ مەقسوود دراوە. ئەمڕۆ ڕۆژی پاراستنی شەرەف و کەرامەتە و پێویستە هەموان لە دەوری ئەم بەرگرییە کۆببنەوە

438 جار خوێندراوەتەوە