مۆسکۆ بە مووشەکی "ئۆرێشنیک" وەڵامی هێرشەکەی سەر بارەگای پوتین دەداتەوە

KNN : Kurdish News Network
10:17 - 09/01/2026
جیهان
+
-

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، ئەمڕۆ هەینی، ڕایگەیاند کە هێزەکانیان هێرشێکی بەرفراوانیان بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی نوێی مامناوەندی جۆری "ئۆرێشنیک" و چەکی وردی دوورمەودا بۆ سەر چەند ئامانجێکی ستراتیژی لە ناوخۆی ئۆکرانیا ئەنجامداوە. بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتەکە، ئەم هێرشە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو "هێرشە تیرۆریستییەی" کە کیێف لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە ڕێگەی درۆنی دوورمەوداوە بۆ سەر بارەگای نیشتەجێبوونی ڤلادیمێر پوتین لە ناوچەی "نۆڤگۆرۆد" ئەنجامی دابوو.

وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە هێڵەکانی بەرهەمهێنانی درۆن و ژێرخانە وزەییەکانی ئۆکرانیا کراونەتە ئامانج و سەرجەم ئامانجەکان بە وردی پێکراون.

مووشەکی "ئۆرێشنیک" کە بەمانای (درەختی بوندوق) دێت، یەکێکە لە نوێترین و مەترسیدارترین چەکە ستراتیژییەکانی ڕووسیا. ئەم مووشەکە بالیستییە توانای بڕینی ٢،٥٠٠ تا ٥،٥٠٠ کیلۆمەتری هەیە، ئەمەش وای لێدەکات بتوانێت هەر خاڵێک لە کیشوەری ئەوروپا بپێکێت. خێراییە بێوێنەکەی کە دەگاتە ١٠ ماخ (نزیکەی ١٢،٣٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا یان ٣ کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا)، وای کردووە کە لەلایەن شارەزایانی سەربازییەوە وەک چەکێکی "مەحاڵ بۆ تێکشکاندن" وەسف بکرێت، چونکە هیچ سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی ئێستا لە جیهاندا ناتوانێت لەو خێراییەدا بەرپەرچی بداتەوە.

جگە لە خێراییە فرتەدەنگییەکەی (Hypersonic)، "ئۆرێشنیک" بە سیستەمی سەرە جەنگییە فرەچەشنەکان (MIRV) کار دەکات، کە دەتوانێت لە یەک کاتدا چەندین کڵاوەی جەنگیی تەقەمەنی یان ئەتۆمی هەڵبگرێت و ئامانجی جیاواز بپێکێت. ئەم مووشەکە بۆ یەکەمجار لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە شەڕی ئۆکرانیادا بەکارهێنرا و بەم دواییانەش مۆسکۆ بڵاوکردنەوەی ئەم سیستەمەی لە خاکی بێلارووس ڕاگەیاند، ئەمەش وەک پەیامێکی ڕاشکاو بۆ ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبینرێت کە ڕووسیا ئامادەیە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای مووشەکی خۆی بۆ پاراستنی خاکەکەی بەکاربهێنێت.

2231 جار خوێندراوەتەوە