مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی
گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، هۆشداری توند دەدات لەبارەی بەردەوامیی
هێرشەکان و بەکارهێنانی زمانی جەنگ بۆ سەپاندنی چارەسەری تاکلایەنە و ڕایدەگەیەنێت،
ئەم جۆرە رەفتارانە تەنها دەبنە هۆی تێکدانی چانسی لێکتێگەیشتن و خوڵقاندنی کارەساتی
مرۆیی
هەواڵ: KNN
مەزڵوم عەبدی لە پەیامێکدا
لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس
ئاماژەی بەوە کردوە، بڵاوکردنەوەی تانک و تۆپخانە لە گەڕەکەکانی حەلەب و تۆپبارانکردنی
هاوڵاتیانی مەدەنی بێچەک، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ چونە ناو گەڕەکە کوردییەکان (شێخ
مەقسود و ئەشرەفیە) لە کاتی پڕۆسەی دانوستاندا، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی
دروست دەکات. وتیشی: ئەم کارانە زەمینە بۆ
گۆڕانکاری مەترسیداری دیمۆگرافی دەخوڵقێنن و خەڵکی گیرخواردووی ئەو ناوچانە رووبەڕووی
مەترسی کۆمەڵکوژی دەکەنەوە
فەرماندەی گشتیی هەسەدە
جەختی کردەوە کە درێژەدان بە رێبازی شەڕ بۆ سەپاندنی چارەسەری تاکلایەنە جێگەی قبوڵکردن
نییە، چونکە ئەزمونەکانی رابردو لە کەناراوەکانی سوریا و سوەیدا سەلماندوویانە کە
ئەم رێبازە تەنها دەبێتە هۆی کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگ
سەبارەت بە هەوڵەکانیان
بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، مەزڵوم عەبدی ئاشکرای کرد: چەند رۆژێکە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کار دەکەین بۆ
راگرتنی ئەو هێرشانە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان لەگەڵ گەلەکەیان لە شێخ مەقسود و
ئەشرەفیە دەمێننەوە
لە کۆتایی پەیامەکەیدا،
مەزڵوم عەبدی پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری شەهیدانی ئەو هێرشانە کرد و هیوای
زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
361 جار خوێندراوەتەوە