بەرەی دژە سودانی فراوان دەبێت؛ ئەمریکا دەبێتە مەرجی سەرەکی بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو

KNN : Kurdish News Network
10:30 - 24/12/2025
عێراق
+
-

لەگەڵ چڕبوونەوەی کێبڕکێکان بۆ کورسیی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پەردە لەسەر کۆمەڵێک ڕاستی نوێ لادەدات و ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆک وەزیران گەیشتوەتە بنبەست.

 

هەواڵ:KNNC

 

عەبدولڕەحمان جەزائیری، یەکێک لە کارەکتەرە سیاسییەکانی دەوڵەتی یاسا، لە نوێترین دەرکەوتنیدا بۆ ئاژانسی "شەفەق نیوز"، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە تەنها ڕێککەوتنی ناوخۆیی بەس نییە بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیران، بەڵکو "ڕەزامەندی ئەمریکا" وەک مەرجێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوە دەمێنێتەوە. ناوبراو ئاشکرای کرد کە ئێستا هێزە شیعەکان لەناو خۆیاندا دابەشبوون و هیچ کۆدەنگییەک لەسەر کاندیدە پێشنیازکراوەکان لە ئارادا نییە.

 

هەرچەندە هەوڵەکان بۆ هێشتنەوەی محەمەد شیاع سودانی لە پۆستەکەیدا بەردەوامن، بەڵام جەزائیری ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هەوڵانە ڕووبەڕووی "دیوارێکی سیاسی" دەبنەوە. بەپێی وتەی ئەو، لایەنە کاریگەرەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی (ئیتاڕ) کە دیارترینیان "دەوڵەتی یاسا" و "ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی"ن، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ نوێکردنەوەی ویلایەتی سودانیدا نین و ئەمەش پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دەخاتە ناو قەیرانێکی قوڵەوە.

 

لە لایەکی ترەوە، عارف حەمامی، سەرکردە لە هەمان هاوپەیمانی باسی لەو دەستپێشخەرییانە کرد کە بۆ پاڵپشتی سودانی ڕاگەیەندراون و لەوبارەیەوە وتی: ئەوان بە فەرمی دەستپێشخەرییەکەی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانیان ڕەتکردووەتەوە. ئەو پێیوایە ئەم هەنگاوانە تەنها "دروستکردنی کەشێکی دەستکردن" بۆ ئەوەی سودانی بۆ خولی دووەم بمێنێتەوە، لە کاتێکدا زۆربەی جەمسەرە سیاسییەکان ناڕەزایەتییان بەرانبەر بەم بژاردەیە هەیە.

639 جار خوێندراوەتەوە