چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەبارەی حکومەتی داهاتوو دەدات

KNN : Kurdish News Network
10:38 - 01/12/2025
کوردستان
+
-

چوارچێوەی هەماهەنگی قۆناغی دانوستان دەگۆڕێت بۆ بڕیاردان و کاندیدی سەرۆکوەزیران یەکلادەبێتەوە و پێکهێنانی حکومەت دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕێوەبچێت بۆ درێژەدان بە پرسی حکومەتی داهاتوو، لەوبارەیەوە سەڵاح بوشی ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند: چوارچێوەی هەماهەنگی بە فەرمی لە قۆناغی دانوستانەوە چووەتە قۆناغی بڕیاردان سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران.

 

 

وتوشییەتی هەموو هەوڵێکی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئەوەیە کە بۆشایی یاسایی و دەستوریی لە وڵاتدا دروستنەبێت لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و لەگەڵ هێنانەکایەی حکومەتێکی سەقامگیر و بێکێشە و بەربەستی سیاسیین.

لەلایەکی دیکەوە عەلی دیفاعی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی، لەبارەی پرسەکەوە وتویەتی، کۆبونەوەی ئەمڕۆ گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبێت و قۆناغی دانوستان و گفتوگۆ لەبارەی حکومەت دەگۆڕێت بە قۆناغی بڕیاردان.

 

 

20 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنەکان بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێپەڕیوە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەت و یەکلاکردنەوەی پۆستی سێ سەرۆکایەتیەکە چڕکراونەتەوە، کە سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە و کوردیش پۆستی سەرۆککۆماری لادەبێت و تا ئێستا دیارنییە کامە لایەنی کوردیی پۆسەتەکە وەردەگرێت....

243 جار خوێندراوەتەوە