بڕیار وایە ئەمڕۆ
چوارشەممە، بەبێ باسکردنی موچە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆببێتەوە و داهاتە نانەوتییەکان
و دۆسیەی دەستپێکردنەوە هەناردەکردنەوەی نەوت لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبونەوەکەن
هەواڵ:KNNC
بە گوێرەی راگەیەندراوی
حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و نوێترین پێشهات و هەردو
دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و خستنەڕوی بڕیارەکانی
کۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
وەک لە
راگەیندراوەکەدا هاتوە؛ كۆنوسی هاوبەشی وەزارەت
و لایەنە پەیوەندیدارەكان تایبەت بە پێشنیاریان سەبارەت بە پیادەكردنی یاسای ڕاژە
و خانەنشینیی پێشمەرگە، ژمارە (38)ی ساڵی 2007 دەخرێتە ڕو.
جیا لەو بابەتانەش، ڕاسپاردەكانی
وەزارەتی دارایی و ئابوری، سەبارەت بە ئاسانكاریی پێشینە و قەرزەكانی تایبەت بە
(خانوبەرە، كشتوكاڵ، پیشەسازی، نیشتەجێكردن و گەشتیاری) بابەتێکی دیکەی کۆبونەوە دەبێت.
بەشێکی دیکەش لە
کۆبونەوەکە پرۆسەی یەكخستنەوەی ڕێكارە
داراییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی دەبێت، هەروەها چەند پێشنیار و
ڕاسپاردەیەكی وەزارەتی دارایی بۆ یەكخستنی ڕێكار و ڕێنماییەكانی باج و ڕێژەكانیان،
لەنێوان دامەزراوەكانی باج لە هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ دەخرێتە ڕو.
81 جار خوێندراوەتەوە