وەزیری بەرگری ئیسرائیل: دەستی ئێمە درێژە و دەگات بە هەمو شوێنێک

KNN : Kurdish News Network
10:02 - 10/09/2025
جیهان
+
-



وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەسەر هێرشەکەیان بۆسەر قەتەر دەڵێت؛ سیاسەتی ئەمنی ئیسرائیل ڕونە ، دوژمن ناتوانێت لە هیچ شوێنێک خۆی باشرێتەوە، دەستی ئیسرائیل درێژە و دەگاتە هەمو شوێنێک.

هەواڵ:KNNC

ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای رۆژێک لە بۆردومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەسایەتییە سیاسییەکانی حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، وەزیری بەرگری ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردوەتەوە.



لە بەیاننامەکەدا هاتوە؛ ئۆپراسیۆنی لوتکەی ئاگر، کە ناوی هێرشەکەی دوێنێی ئیسرائیل بوە بۆ سەر قەتەر و مەبەستیان کوشتنی  کەسایەتییە باڵاکانی حەماس بوە، هەرەشە لە حامس دەکات و دەڵێت؛  لە هەر شوێنێکبن دەستمان پێتان دەگات.



کاتز لە بەیاننامەکەیدا، ئاماژەی بەوەنەداوە و پشتڕاستی نەکردوەتەوە کە سەرکردەکانی حەماس کوژراون یاخود نا و تا ئێستاش ڕون نییە کام لە سەرکردەکان کوژراون.



وەزیرەکەی ئیسرائیل راشیگەیاندوە؛ هەر کەسێک دەستی لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەردا هەبێت، لێپرسینەوە و مامەڵەی تەواوەتی لەگەڵ دەکرێت،  هەرکەس و لایەنێک  شەر  دژی ئیسرائیل ئەنجام بدات، بە دڵنیاییەوە  لێی دەدرێت.



ناوبراو هۆشداریشیداوەتە حەماس، ئەگەر مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە قبوڵ نەکەن، کە  بە پلەی یەکەم ئازادکردنی هەمو بارمتەکان و چەکدانانی بزوتنەوەکەیە، ئەوا لەناو دەچن و غەززە وێران دەبێت.

134 جار خوێندراوەتەوە