زانیاری لەسەر ئەو ئەشکەوتەی گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیانی لێ دادەنێنن
"ئەشکەوتی جاسەن"ە لە باشوری کوردستانە بە دوریی "٥٠" کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری سلێمانییەوە، ئەم ئەشکەوتە لە ناوچەی سورداش، لەسەر ڕێگای سلێمانی - دوکان، لە پشتی گوندی کانی خان، لە دامێنی بەرزایی "نەبی ئاغا"ی زنجیرە شاخی "سارا"، لە ناو بەندەنێکدا بە بناری چیایەکی گەورەوەیە و تاڤگەیەکی جوانیش لە نزیک ئەشکەوتەکە هەڵکەوتوە.
لەم ناوچەیەی کوردستان کە شوێنێکی گرینگ شۆڕشی باشوری کوردستان لە نیوەی دوهەمی سەدەی بیستەم بوە، ئەشکەوتێکی بەناوبانگ و دێیەکی وێرانکراوی بەجێماون. کوردەکان بە چاوی ڕێزەوە لە مێژوە پڕ لە شانازیی ئەو ئەشکەوتە دەڕوانن.
لە ساڵانی ڕابردودا گوندەکە نزیکەی "٣٠٠" ماڵی تێدا نیشتەجێ بوه بەڵام دواتر لە لایەن حکومەتی بەعسەوە وێران کراوە و چۆڵ بوە.
پێشتر جاسەنە ئەشکەوتێکی ئاسایی و جێی خۆحەشاردان و حەوانەوە بوە. بەڵام لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخ و هەلومەرجی سیاسی ئەو کاتە ئەرک و ناو و ناوبانگی ئەشکەوتەکەش گۆڕاو مێژویەکی بەنرخی بۆ خۆی تۆمارکرد.
دەربارەی ئەشکەوتەکە:
دەروازەی چونەوە ژورەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکە لە شێوەی سێگۆشەییە، ناو ئەشکەوتەکە نزیکەی "40" مەتر درێژە و پانییەکەی 9 مەترە و بەرزیی بنمیچی ئەشکەوتەکەش "7" مەترە.
لەژورەوەش لە دو بەش پێکهاتوە؛ بەشی پێشەوەی لە ژورێک پێکدێت و بەشی دواوەشی بچوکترە لەوەی پێشەوە.
گرینگیی ئەشکەوتی جاسەنە لە شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفیدەوە تا شۆڕشی نوێ
پاش هێرشی فڕۆکەی سوپای ئینگلیز لە ساڵی "١٩٢٣"، "شێخ مەحمودی" نەمر، ئەشکەوتی جاسەنەی کردە پەناگە و چاپخانەی تێدا دامەزراند و یەکەم ڕۆژنامەی بەناوی "بانگی حەق" تێدا بڵاوکردەوە.
کاتیک کە لە ڕێکەوتی ٣/٢/١٩٢٣ هێزەکانی سوپای ئینگلیز لە ڕێیی فڕۆکەوە شێخ مەحمودی حەفیدی مەلیکی کوردستانیان ئاگادار کردەوە کە خۆی بە دەستەوە بدات و لەگەڵ بەریتانییەکان رێک بکەوێت یان بە بۆمبارانکردنی شاری سلێمانی ناچاری دەکەن. بەڵام شێخ مەحمود خۆی بەدەستەوە نەدا و بۆ ئەوەی خەڵکی شارەکەشی زیانمەند نەبن، ناچار بو ڕو لە ناوچەیەکی تر بکات. چونکە لەوکاتەدا، هێزەکانی دوژمن بە دو بۆردومان چەند هاوڵاتییەکیان شەهید کرد. لەبەر ئەوە و بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتییان شێخ مەحمود لەگەڵ هاوەڵانیدا چاپخانەکەی برد و لە ئەشکەوتی جاسەنە گیرسایەوە.
هە ر لەو کاتەدا و لە ڕێکەوتی ٢٨/٣/١٩٢٣ لە ناو ئەشکەوتی جاسەنەدا یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی "بانگی حەق"ی بڵاوکردەوە کە یەکەمین ڕۆژنامەی شۆرشی کورده و وەک یەکەم ڕۆژنامەی سەردەمی شاخ و زمانحاڵی شۆڕشی کورد دادەنرێت لە مێژوی هاوچەرخی کوردا. سەرنوسەری ئەم ڕۆژنامەیە، کەسایەتیی ناودار و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوس، "ئەحمەد خواجە" بوە.
ئەو ڕۆژنامەیە وەک یەکەمین ئۆرگانی فەرمیی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە مێژوی نوێدا هەڵدەسەنگێنرێت و دەرخستنی ڕویەکی شارستانیی جوڵانەوەکەی شێخ مەحمودی حەفیده.
نیو سەدە دوای شۆڕشی شێخ مەحمود و لە سەردەمی شۆڕشی نوێی باشوری کوردستانیشدا، ئەشکەوتی جاسەنە بۆ "پێشمەرگە" گرینگییەکی زۆری هەبو. ئەم ئەشکەوتە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا پەناگەیەکی گرنگی هێزەکانی پێشمەرگە بوە، لە ناوچەی سورداش و دوکان و زنجیرە چیای پیرەمەگرون.
ئەم ئەشکەوتە لە سەدەی ڕابردودا و لە سەردەمی شۆڕشی باشوری کوردستاندا گرینگییەکی تایبەتی هەبوە بەڵام وەک ئەشکەوتێکی دێرین لەو ناوچەیە، ڕەنگە ئەگەر لە ڕوی مێژوییشەوە لێکۆڵینەوەی وردی لە سەر بکرێت، زۆر شتی سەرنجڕاکێش لە مێژوی کۆنی ئەو ئەشکەوتە دەرکەوێ.
273 جار خوێندراوەتەوە