كەی ئێن ئێن ناوەڕۆکی ڕەشنوسی هەردو پڕۆژەكەی حكومەتی هەرێم و عێراق بۆ پرسی موچە بڵاودەكاتەوە

KNN : Kurdish News Network
08:40 - 08/07/2025
کوردستان
+
-

دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن بەشێک لە ناوەڕۆکی رەشنوسەکەی هەرێم و بەغدادی دەستکەوتوە کە چەندین پێشنیار لەبارەی رادەستکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆوە خراوەتەڕو.

 

 هەواڵ: KNNC


دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ناردنی موچەی نەدا، و لیژنەیەکی باڵای بە سەرۆکایەتیی وەزیری پلاندانان پێکهێنراوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی داهات و موچەی هەرێم پێکهێنا، هەریەکە لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، بە جیا ڕوشنوسێکیان ئامادەکردوە و لیژنەکە تاوتویێ ئەوو دوڕەشنوسە دەکات و لەگەڵ هەردو حکومەتەکە گفتوگۆ دەکات.


دەقی هەردوو ڕەشنوسەکەی حوکمەتی هەرێم و عێراق؛


 رەشنوسەکەی هەرێمی کوردستان:
قۆناغی یەکەم:
رادەستکردنی نەوت:
•  پێشنیاری یەکەم (لەکاتی هاوبەشیکردنی کۆمپانیاکان)
دەستکردنەوە بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بە کۆمپانیای سۆمۆ بۆ هەناردەکردنی نەوت بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵی، ئێستا نەوتی بەرهەمهاتو بریتییە لە (282) هەزار بەرمیل نەوت، لەو ژمارەیە (65) هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەردەکرێت بەمەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆیی.

پێشنیاری دوەم (لە کاتی هاوبەشینەکردنی کۆمپانیاکان)
•  دەستکردنەوەی بە رادەستکردنی 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە کۆمپانیای سۆمۆ، تا ئەوکاتەی رێککەوتن دەکرێت لەسەر کارەکانی لایەنی راوێژکاری بەپێی هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵی.


دوەم: داهاتە نانەوتییەکان
1/ هەرێم بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵی 50٪ی داهاتی گومرگ و باج دەدات بە حکومەتی ناوەندی.
2/ لێدەرکردن لە نێوان پشکی خەزێنەی فیدڕاڵی و شایستە داراییەکانی هەرێم لە حکومەتی ناوەند (لە تەرخانکراوە تەشغیلییەکان و وەبەرهێنان) وە پابەندبون بە ئیلتیزامە داراییەکانی وەک دابینکردنی ‌غازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا.

سێیەم: خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم:
وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەستدەکات بە خەرجکردنی موچەی مانگەکانی پێنج و شەشی 2025 و مانگەکانی دواتر لەژێر رۆشنیاریی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵئ


رەشنوسەکەی بەغداد:
قۆناغی یەکەم: رادەستکردنی نەوت:
1-  رادەستکردنی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتو یاخود زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بە کۆمپانیای سۆمۆ، جگە لەو نەوتەی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ پێویستە، واتە رادەستکردنی بڕی 236 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
2-  بەکارهێنانی نەوت لە ناوخۆ: تێچوی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆ لە ئەستۆی هەرێم دەبێت و پێویستە 16 دۆلار بدات بۆ هەر بەرمیلێک، تا ئەوکاتەی قۆناغی دوەم دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە/

دەستپێکردنی قۆناغی دوەم هاوکات دەبێت لەگەڵ قۆناغی دوەم تا ماوەی 30 رۆژ، کە لەرێگەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەرزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەڵسەنگاندن بۆ پێویستییەکانی ناوخۆی هەرێم دەکەن لە سوتەمەنی، کە دواتر یان لە رێگەی بەغدادەوە دابەش دەکرێت یاخود هەرێم دابەشی دەکات.

بڕگەی دوەم: رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان کە کەمتر نەبێت لە 200 ملیار دیناری مانگانە.
سێیەم: پێکهێنانی لیژنیەیەکی هاوبەش بۆ تەواوکردنی تەوتینی موچەی فەرمانبەران لەماوەی سێ مانگدا.

939 جار خوێندراوەتەوە