ڕای گشتیی ئێران ئەوەندە توڕەیە تەنانەت کەس ناوێرێت باسی دانوستانەکان بکات

KNN : Kurdish News Network
02:57 - 05/07/2025
جیهان
+
-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقائی ئەو هەواڵانەی پشتڕاست نەکردەوە، کە باس لەوە دەکەن هەفتەی داهاتوو سەرلەنوێ پرۆسەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەستپێدەکاتەوە.

هەواڵ:KNNC

لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە میدیای وڵاتەکەیدا بڵاوکراوەتەوە، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو هەواڵانەی لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە کە باس لەوە دەکەن پرۆسەی دانوستان کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ڕاوەستاوە، هەفتەی داهاتو سەرلەنوێ دەستپێدەکاتەوە، ڕایگەیاند: "چاو بە هەموو شتێکدا دەخشێندرێتەوە، بەڵام بەڕای من لە ئێستادا ڕای گشتیی ئەوەندە توڕەیە کەس ناوێرێت باسی دانوستان و دیپلۆماسیی بکات".

بەقائی ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا هێرشیان کراوەتە سەر، ئەوەیشی بە خیانەت لە دیپلۆماسیی ناوزەند کرد.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا دەکرێت بگەڕێنەوە بۆ دانوستانەکان یان نا، بەقائی ڕایگەیاند: "هەرگیز دیپلۆماسیی کۆتایی نایەت. لەبەرئەوە دەبێت چاوەڕێ بین و ببینین، چونکە نامانەوێت دووبارەبوونەوەی ئەو شتەی پێی دەڵێین خیانەت لە دیپلۆماسیی ببینینەوە".

162 جار خوێندراوەتەوە