وەزارەتی
دارایی و ئابوری هەرێم لەبارەی لێبڕینی موچەی خانەنشینان رونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە
و دەڵێت: لێبڕینی 3% لە موچەی
خانەنشینان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە.
هەواڵ:KNNC
لە رونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمدا هاتوە، "لەدوای بڵاو بونەوەی گشتاندنی دارایی ژمارە ( ٤ ) ی ساڵی (٢٠٢٥ ) لەڕێکەوتی
( ٢٠٢٥/٦/٢ ) تایبەت بە لێبڕینی خانەنشینی، وەک لە گشتاندنەکەدا هاتووە کە پاڵپشتە
بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق و دوو نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی
هەرێمی کوردستان و کۆنوسی کۆتایی لیژنەی فەرمانی دیوانی ساڵی ( ٢٠٢٤ )، لێرەو
لەوێ لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکی پۆپۆلیست و کەسانی بەناو ڕەخنەگری بێ ئاگا کە لەسەر
هەموو شت قسە دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ شارەزاییەکیان لەو بابەتانەدا هەبێت چەندین
بوختان و چەواشەکارییان لەسەر ناوەرۆکی گشاندنەکە بڵاوکردۆتەوە"
دەشڵێت: ئەو
لێبڕینە هیچ پەیوەندی بە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی هەرێمەوە نییە، بەڵکو
لەسەر بڕیاری وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەو بڕیارە جێبەجێکراوە، لە مانگی شوباتەوە
هەوڵدەدرا ئەو بڕیارە جێبەجێبکرێت، بەڵام بە هەوڵی تیمەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ
چەند مانگێک دواخراوە، هەمو مانگێک وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەو لێبڕینەی کردبوە
یەکێک لە مەرجەکانی ناردنی تەمویلی موچە.
ئەوەش هاتوە،
" چۆن جێبەجێکردنی
یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق بۆتە هۆی سودمەندبونی سەدان هەزار خانەنشین و فەرمانبەر
کە لە داهاتودا بەم یاسایە خانەنشین دەبن، دەبێت ئەو پابەندیەش جێبەجێ بکرێت کە بریتییە
لە دانەوەی ئەو جیاوازی لێبرینە کە لایەنێکی تری یاساکەیە".
بەپێی رونکردنەوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم،
لێبڕینی ( ٣٪ ) کە مانگانە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە لە موچەی فەرمانبەران
و خانەنشینان گل دەدرێتەوە، ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو سندوقی خانەنشینی یەکگرتوی حکومەتی
فیدراڵەوە .
93 جار خوێندراوەتەوە