سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەو پرۆژە رێککەوتنەی
کە لە نێوان ئەمریکا و ئێران دانوستانی لەسەر دەكرێت، بەهیچ جۆرێك رێگە نادات بە
تاران پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجام بدات.
هەواڵ:KNNC
كەناڵی سى ئێن ئێن-ـی ئەمەریکی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە رایگەیاندوە:
ئەو گڕوتینەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە قۆناغی یەکەمدا بەخۆیەوە
بینی، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی، لە داڕمان نزیک بووەتەوە.
هاوکات، دۆناڵد
ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکارایگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنە گریمانکراوەکە رێگە بە هیچ
پیتاندنێکی یۆرانیۆم نادەن.
لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە دێت، ماڵپەڕی
هەواڵی "ئاکسیۆس" بڵاویکردەوە: دوایین پێشنیازی واشنتۆن کە رۆژی شەممە پێشکەشی
تاران کردوە، رێگە بە ئێرانییەکان دەدات پیتاندنی یۆرانیۆمی سنووردار ئەنجام بدەن،
ئەمەش پرسێكە کە ئیدارەی ترەمپ پێشتر رەتیکردوەتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی
ئێران دوێنێ لە سەردانەکەیدا بۆ قاهیرە رایگەیاند: ئەگەر ئامانج لە دانوستانەكان
بێبەشکردنی ئێران بێت لە چالاکییە ئاشتیخوازەکانی، ئەوا بە دڵنیاییەوە هیچ رێککەوتنێک
ئەنجامنادرێت.
بڕیارە بەم نزیکانە خولی شەشەمی دانوستانە ئەتۆمییە
ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمریکا بەڕێوەبچێت، ئەمەش دوای ئەوەی یەکەم خولی
دانوستانەکانیان لە ١٢ی نیسانەوە دەستیپێکرد.
132 جار خوێندراوەتەوە