ئەفغانستان؛ دو هەزار و 600 مامۆستای زانکۆ بەیعەتیان دا بە ڕێبەری تاڵیبان

KNN : Kurdish News Network
09:01 - 22/04/2025
هەمەڕەنگ
+
-


وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی تاڵیبان رایگەیاندوە، لە بەشەکانی شەریعەت و لە زانکۆکانی ئەفغانستان لە کۆبونەوەیەکدا لە زانکۆی قەندەهار زیاتر لە 2500 مامۆستای زانکۆ بەیعەتیان بە مەلا هەیبەتوڵڵا  ڕێبەری تاڵیبان دا و ڕێبەری تاڵیبانیش داوای لێکردون وەک مامۆستایانی زانکۆ دەبێت بەرەنگاری "شەڕی پڕوپاگەندە" ببنەوە .

هەواڵ: KNNC


ئەمڕۆ سێشەممە، لە ویلایەتی قەندەهار کۆبونەوەیەکی چوار ڕۆژە  بە ناونیشانی "فێرکردن، بەها و کاریگەریی تەوەرە کولتورییە ئیسلامییەکان" کە بە ئامادەبونی رابەری تاڵیبان و  سەرجەم مامۆستایانی فاکەڵتی شەریعەتی زانکۆکانی ئەفغانستان بەرێوەچو.


نەدا محەمەد نەدیم، وەزیری خوێندنی باڵای تاڵیبان، کە لە کۆبونەوەکەدا بەشداری کردوە، سوپاسی مامۆستایانی زانکۆی کرد کە بەیعەتیان بە سەرۆکی تاڵیبان داوە و دەڵێت: بەیعەت بە واتای ڕادەستکردنی گیان و موڵک و ماڵی مرۆڤ بە سەرکردەی موسڵمانان دێت.

هەروەها وەزارەتی خوێندنی باڵای تاڵیبان فایلێکی دەنگی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا وتارێکی ڕێبەری تاڵیبانە و کۆبونەوەکە بە "بەهێزکردنی ئیمان و ئایین" وەسف دەکات.

لە وتارەکەیدا دەڵێت؛ کافرەکان لە شەڕی سەربازی ئەفغانستاندا شکستیان هێنا و ئێستا شەڕی پڕوپاگەندەیان دەستپێکردوە و داوای لە مامۆستایانی زانکۆش کردوە بەرەنگاری "شەڕی پڕوپاگەندە" ببنەوە و بۆ ئەو مەبەستە تێبکۆشن و شەڕ بکەن.

222 جار خوێندراوەتەوە