حوسییەکانی یەمەن ئیسرائیلیان بە موشەکی بالیستی کردە ئامانج

KNN : Kurdish News Network
09:40 - 18/03/2025
جیهان
+
-

لە دوای هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمرۆی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، کە بوە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە  400 کەس، ئەمشەو حوسییەکان ڕایانگەیاند؛ بە موشەکێکی بالیستیکی بنکەی "نەڤاتیم"ی ئیسرائیلیان کردۆتە ئامانج.

هەواڵ:KNNC

ئێوارەی ئەمرۆ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە چەند ناوچەیەک دەنگی تەقینەوە بیستراوە، دوای ئەوەی بە موشەکێکی بالیستیکی  کە لە یەمەنەوە ئاڕاستەکراوە وڵاتەکەیان کراوەتە ئامانج، ئاماژە بەوەشکراوە ئەو شوێنەشی کراوەتە ئامانج،  تێیدا ڕێوڕەسمی بەڕێوەچونی دەرچونی خولی سوپای تێدا ئەنجامدراوە.

 

لەلای خۆیەوە حوسییەکان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتوە؛  بە موشەکی بالیستیکی بنکەی "نەڤاتیم"ی ئیسرائیلیان کردۆتە ئامانج و جەختیان کردوەتەوە،  بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان.


حوسییەکان هۆشداریشیان داوە کە لە ڕۆژانی داهاتودا بازنەی ئامانجەکان لە ئیسرائیل فراوانتر دەکەن، ئەگەر ئیسرائیل دەستدرێژییەکانی  بۆ سەر غەززە نەوەستێنێت.


ئەوەشیانخستوەتە ڕو کە  بەردەوام دەبن لە ڕوبەڕوبونەوەی ئەمەریکا و ڕێگری لە کەشتیوانی ئیسرائیل دەکەن، تا ئەو کاتەی دەستدرێژییەکە دەوەستێت بۆ سەر کەرتی غەززە  و گەمارۆکە هەڵدەگیرێت و ڕێگە بە یارمەتییەکان دەدرێت بۆ ناو کەرتەکە.


حوسییەکان لە بەیاننامەکەدا هەرەشە دەکەن؛ ئەمەریکا و ئیسرائیل "دەبێت بەرگەی کاردانەوە و دەرئەنجامەکان بگرن، هەرچەندە گەورەش بن".

744 جار خوێندراوەتەوە