پزیشکێک رێنمایی دەدات... لەکاتى دابەزینى شەکرە چکلێت و پسکیت مەخۆن

KNN : Kurdish News Network
08:37 - 28/11/2024
تەندروستی
+
-

دابەزینی شەكرە لە خوێندا کاتێک رودەدات کە رێژەی شەكر لە لەشدا بگاتە ئاستی كەمتر لەباری ئاسایی، ئەم حاڵەتەش  چەند نیشانەیەكی هەیە، کە دیارترینیان لەرزین و گێژبونە، پزیشکێکى پسپۆڕیش باشترین رێگا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى شەکرە دەخاتەڕو و داواش دەکات لە هەندێک رێگاى باو بۆ چارەسەرى حاڵەتەکە بەدور بن.

نیشانەکانى دابەزینى شەکرە لە کەسێکدا ئەمانەن:-
لەرزین و گێژبون
برسێتی و ئارەقكردنەوە
دڵەراوكێ و سەرئێشە
شەكەتبون و لێڵبوونی چاو

 

چارەسەری ئەم گرفتە بەخێرای كارێكی پێویستە دوای دڵنیابون لە توشبون بە دابەزینی رێژەی شەكرە لەرێگەی دەركەوتنی نیشانەكان و پشكنینی رێژەی شەكرە، پزیشکێکى پسپۆڕ رێنماییمان دەکات لەوکاتەدا شەکرى سپى بخورێت نەک چکلێت و پسکیت.

 

د. زانیار ئاغال، پزیشکى پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانى گشتى هەناو، لەوبارەیەوە دەڵێت: کە رێژەى شەکرەت کەم بوەوە پێویستە شەکری روت وەکو شەکراو (شەکری سپی لە ناو ئاو) یان پەرداخێک شەربەت بخورێت، نەک چکلێت یان بسکیت، چونکە  ئەوانە رۆنیان تێدایە و ناهێڵن شەکرەکەی ناویان بە خێرایی بچێتە خوێنتەوە و زو چاکت ناکاتەوە.

 

هۆكارەكانی دابەزینی شەكرە لە خوێندا چیە؟
نەخواردنی ژەمەكان بەشێوەیەكی رێكوپێك
بەكارهێنانی دەرزی ئەنسۆلین بەشێوەیەكی نادروست و نارێك
زۆر یان باش بەكارنەهێنانی دەرمانی دابەزینی شەكرە
راهێنان و جوڵانێكی زۆر لەپڕ و لەڕادەبەدەر

507 جار خوێندراوەتەوە