خەریکە دروستکردنى پەیکەرى پێشمەرگە لە شارى
کەرکوک حەوت ساڵ تێدەپەڕێنێت، بەڵام پەیکەرسازانى ئەم کارە ناڕازین و دەڵێن:
ئەوەندەى موزایەدەى پێوەکراوە ئەوەندە خزمەت ناکرێت، دواى ئەو ماوەیەش؛ لەجێی
ئاڵاى کوردستان ئێستا ئاڵاى عێراق بەدەست پێشمەرگەکەى کەرکوکەوە دەشەکێتەوە.
هەواڵ:KNNC
بەرزان دەلۆ، وتەبێژی گروپی دروستکردنی پەیکەری
پێشمەرگە بە کەى ئێن ئێن،ى راگەیاند؛ پەیکەرى پێشمەرگەى کەرکوک گەورەترین پەیکەرى
جەنگاوەرە لەسەر ئاستى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروستکرابێت، بەڵام لەماوەى حەوت ساڵى
دروستکردنیدا زۆرترین موزایەدەى پێوەکراوە، بەڵام لەڕوى هونەریی و خزمەتگوزارییەوە
هیچ بایەخێکى پێنەدراوە و ئێستا پێویستى بە نۆژەنکردنەوەیە.
ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە لەدواى روداوەکانى 16ـى
ئۆکتۆبەر و گۆڕانکارییە سیاسییەکان ئەم پەیکەرە پشتگوێخرا و درایەبەر فیشەک و
شکێنرا، دەوروبەرى پەیکەرەکە تێکدرا و باخچەکەى دەورى خزمەت ناکرێت ئەمە جگە لەوەى
تەنیشت پەیکەرەکە زێرابە و کەس ناتوانێت لەبەر بۆنى ناخۆش نزیک لە پەیکەرەکەوە
بوەستێت،
یەکێکى دیکە لە نیگەرانییەکانى ئەم وتەبێژە کە خۆى بەشداربوە لە
دروستکردنى پەیکەرەکە، گۆڕینى ئاڵاکەى دەستییەتى، لەکاتى دروستکردنیدا ئاڵاى
کوردستان بەدەستییەوەبو، بەڵام ئێستا پێشمەرگەکەى کوردستان ئاڵاى عێراقى پێیە و بەرزان دەلۆ دەلێت: ئەمە واتاى ئەوەیە پێشمەرگە
هەڵگر و پارێزەرى عێراقە، هەرکەسێک بێتەناو شارى کەرکوک؛ پێشمەرگەیەک دەبینێت بە
جلى کوردییەوە ئاڵاى عێراقى هەڵگرتوە کە ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەى پێشمەرگە پارێزەرى
عێراق و خاکەکەیەتى.
پەیکەری پێشمەرگە پەیکەری پێشمەرگەیەکی چەکدار
لە کەرکوکە کە ئاڵای عێراقی پێیە، لە کاتی سازکردنی ھەتا شەڕی کەرکوک پەیکەرەکە ئاڵای
کوردستانی پێ بو، بەرزاییی پەیکەرەکە 23 مەتر و بنکی 15 مەترە و ھەروەھا زیاتر لە 70
ملیۆن دیناری بۆ سازکردنەکەی ویستوە.
کەرەسەکانی
ئاسن، چیمەنتۆ و فایبەرگەلاس تێیدا بەکارھاتوە و ماوەی کارکردنی دوو ساڵی خایاندوە،
لە 28ی تەممووز 2015 ھەتا 23ی ئەیلولی 2017، بەردی بناغەی لەلایەن کەسایەتیی شاری
کەرکوک، رەمەزان حاجی رەشید داندرا و لەلایەن پەیکەرساز بەرزان دەلۆ و گروپەکەیەوە
دروست کراوە.
کەرکوک/ ئۆژین جۆڵا
83 جار خوێندراوەتەوە