وادەکەی سودانی بۆ پێکھێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک کۆتایی دێت

KNN : Kurdish News Network
02:25 - 10/08/2024
ڕاپۆرت
+
-

 سبەینێ کۆتایی بەو وادەیە دێت کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگار و پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی لە پارێزگای کەرکوک دیاری کراوە.

 

راپۆرت:KNNC

سبەی یەکشەممە ( 11ی ئاب)، کۆتایی بەو وادەیە دێت کە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگار و پێکھێنانی حکمەتی خۆجێی لە پارێزگای کەرکووک دیاری کراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ھێشتا لایەنەکان لەوبارەیەوە نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن.

 

رۆژی 18ی کانونی یەکەمی ساڵی 2023، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام درا.، پرۆسەکە دوای 10 ساڵ لە عێراق و دوای 18 ساڵ لە پارێزگای کەرکوک ئەنجامدرا.

 

ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، بەشێوەیەکە کە ھیچ پێکھاتەیەک ناتوانێت بەتەنھا حکومەتی خۆجێی پێکبھێنێت.

 

لە 11 تەمموزی 2024، یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی ھەر 16 ئەندامە ھەڵبژێردراوەکەی بەڕێوە چوو كە تیایدا ڕاکان جبوری وەک بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەکە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کرد.

 

ئەو 16  کورسییەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بریتیین لە پێنج کورسی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو کورسی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، سێ کورسی بۆ ھاوپەیمانی عەرەبی کەرکووک، دوو کورسی بۆ لیستی قیادە، یەک کورسی بۆ ھاوپەیمانی عروبە، ھاوکات دوو کورسی بۆ بەرەی تورکمانیی و یەک کورسی کۆتاش بۆ کریستیانەکە.

 

لە ماوەکانی رابردودا سودانی، بە جیا لەگەل ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە پێکھاتەکانی کورد، عەرەب و تورکمان کۆبوەوە و داوای لە لایەنەکان کرد، تا رۆژی 11ی ئەم مانگە لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی بگەنە رێککەوتن.

 

ھەروەھا لە کۆبنەوەکاندا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردەوە لەگرنگی تەواوکردنی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی و کۆدەنگی نێوان نوێنەرانی پێکھاتە برایەتییەکانی پارێزگاکە و رایگەیاندبو: "نابێت ھیچ پێکھاتەیەک لە کەرکوک لە مافی بڕیاردان بێ بەش بکرێت".

 

ھاوکات ڕۆژی چواری ئەم مانگە، حەسەن شێخانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، رایگەیاند، لەگەڵ سودانی کۆبونەوەیەکی ئەرێنییان هەبوە و پێشنیازی ئەوەیان کردوە، حکومەتێک پێکبهێنرێت دەنگ و ڕەنگی ھەمووان بێت و خزمەتی شارەکە بکات و ئەو جیاوازییەی ھەیە نەمینێت و ھاوسەنگی دروست بکرێت، بۆ پارێزگاریش ئومێدی خواستووە بتوانن پێش وادەی یاسایی ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە.

 

ھاوکات یەکێتی نیشتمانیی کوردستان وەرگرتنی پۆستی پارێزگار بە مافی خۆی دەزانێت، بەو پێیەی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە، پێنج کورسی بەدەستھێناوە.

 

پێشتر ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاندبو، پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەک لایەنی سیاسی عەرەبی بەئەرێنییەوە سەیری پێشنیازی تورکمان دەکەن سەبارەت بە دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەنێوان پێکھاتەکاندا.

 

لای خۆیەوە عەزام حەمدانی سەرکردە لە بەرەی عەرەبی یەکگرتو رایگەیاندوە کە پێکھاتەی عەرەبی لەگەڵ دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەنێوان پێکھاتەکاندا، نییە.

 

وتیشی: دەمانەوێت بۆ خولێکی تەواو پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ ئێمە بێت، نێوماڵی کورد و تورکمان پێشنیازیان کردووە کە پۆستەکە بە نۆرە لەنێوان پێکھاتەکاندا دەستاودەست بکرێت، ئێمە وەکو پێکھاتەی عەرەبی لە بەڕێوەبردنی شارەکە سەرکەوتو بوین".

بەپێی بڕگەی حەوت لە ماددەی حەوت لە یاسای پارێزگا ناڕێکخراوەکان، دەبێت لە ماوەی 30 رۆژ دا لە ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا، پارێزگار بە دەنگی زۆرینەی رەھای ئەندامانی ئەنجومەن ھەڵبژێردرێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر لایەنەکان خۆیان ئەو پرسەیان یەکلایی نەکردەوە، ئەوا دادگای باڵای فیدراڵیی ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە.

168 جار خوێندراوەتەوە