رزگار حەمە نەگڕەیی: پارتى و یەکێتى هێزەکانیان بۆ بەرژەوەندیی کەسیی و حیزبى بەکاردەهێنن

KNN : Kurdish News Network
02:35 - 18/07/2024
کوردستان
+
-

ئەندامێكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: بەهۆی ناڕونی لە ژمارەی هێزی پێشەرگەی كوردستانەوە كێشەی موچە لە ساڵی (2003)ـوە سەری هەڵداوە و دەشڵێت: پارتی و یەكێتی هێز بەرامبەر بە یەكتری گەورە دەكەن و بۆ بەرژەوەندی كەسی و حزبی بەكاریان دەهێنن ئەوەش مەترسیی بۆ هەر هەرێم زیاتر دەكات هەروەها ئاشكرایدەكات، هاوپەیمانان بەردەوامن لە پێشكەشكردنی هاوكاری بە هێزی پێشمەگە.


هەواڵ: (KNNC)

 

رزگار حەمە نەگڕەیی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە (KNN)ـی راگەیاند: دروستبونی كێشەی موچەكانی هێزی پێشمەرگە نوێ نوێیە و مێژوەكەی بۆ دوای پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی ئەو كاتە دەگەڕێتەوە، بەدیاریكراوی كێشەكە لەسەر ناڕونی ژمارەی هێزی پێشمەرگەوە سەریهەڵداوە، وەزارەتی بەرگری بەغداد تێبینی لەسەر ئەو ژمارە هەیە، باجەكەشی پێشمەگە دەیدات و تائێستا نەتوانراوە لێكتێگەیشتن بێتە ئاراوە.


لەسەر رێكنەخستنەوەی لیستی موچەی هێزی پێشمەرگە و ناوخۆ وتیشی: ئەگەر بتوانرایە یاسای چاكسازی ژمارە (دو)ـی ساڵی (2020) كەلە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەرچوێندراوە جێبەجێ بكریت، ئەو كێشە و گیروگرفتانەی كە ئێستا هەیە چارەسەردەكرا، بەپێی یاساكە لیستی موچە رێكدەخستەوە و وەزارەتەكانی پێشمەگە و ناوخۆ روبەڕوی ئەم كێشانە نەدەبوەنەوە.


سەبارەت بە كێشەی یەكنەخستنەوەی هێزی پێشمەرگە رونیكردەوە، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و خولەكانی پێشوتریشدا، هەوڵ دراوە كە هێزی پێشمەرگە یەكبخرێنەوە، بەڵام بەهۆی نەبونی متمانە لەنێوان پارتی و یەكێتیدا نەتوانراوە بەباشی پڕۆسەكە بچێتە بورای جێبەجێ كردنەوە.


ئەندامەكەی پشوی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەبری ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە یەكبخەنەوە و ئامانجیان خۆئامادەكرن بێت بۆ هەر ئەگەرێك و مەترسییەكی نەخوازراو كە روبەڕوی هەرێمی كوردستان ببێتەوە، پارتی و یەكێتی هێز بەرامبەر بە یەكتری گەورە دەكەن و بۆ بەرژەوەندی كەسی و حزبی بەكاریاندەهێنن، كە ئەوەش مەترسییەكانی سەر هەرێمی كوردستان زیاتر دەكات.


رزگار حەمە نەگرەیی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند: سەرباری ناردنی لیستی موچە بۆ بەغداد، بەڵام هەتا ئێستا هاوپەیمانان هاوكاری پێشمەرگە دەكەن، بەردەوامن لە پێدانی مەشق و دابینكردنی پێداویستییەكانیانی دیكە.

153 جار خوێندراوەتەوە