لەسلێمانی قۆناغی دووەمی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ جێبەجێدەکرێت و بەپێی زانیارییەکانی KNN، لەماوەی
رابردو بەهۆی خراپی دۆخی دارایی هاوڵاتیان بۆماوەی چەند مانگێک کامێراکان کوژێنراونەتەوە.
هەواڵ:KNNC
پەیامنێری کەی ئێن ئێن لە سلێمانی رایگەیاند، بەپێی گرێبەستی نێوان کۆمپانیای
جێبەجێکار و حکومەتی هەرێم، کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ تەنیا لەسەر رێگەی دوکان-
سلێمانی جێگیر ناکرێن بەڵکو بە سێ قۆناغ کامێراکان دادەنرێن و لە تەواوی رێگە
سەرەکییەکان کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچی دادەنرێن.
وتیشی، لە ئێستادا دەستکراوە بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پرۆژەکە لەسەر
رێگەی سلێمانی – چەمچەماڵ کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دادەنرێت لە ئێستاشدا کۆمپانیای
جێبەجێکراو سەرقاڵی راکێشانی هێڵی ئینتەرنێت-ن بۆ کامێراکان.
پەیامنێری کەی ئێن ئێن دەشڵێت: لە قۆناغی سێیەمی پرۆژەکەدا کامێراکانی خاڵ
بۆ خاڵ لەسەر رێگەی سلێمانی- هەڵەبجە، جێگیردەکرێن.
لەسەر رێگەی سلێمانی- دوکان 24 کامێرا جێگیر کراوە، 12 کامێرایان بۆ رۆشتن
و 12 کامێراش بۆ هاتنە بۆ ناو شاری سلێمانی، لەسەر رێگەی سلێمانی- چەمچەماڵیش 24 کامێرا
دادەنرێت.
جگەلەوەش لە سنوری پارێزگای سلێمانی 21 کامێرای جێگری رادار جێگیرکراون، تەنیا
چوار لەو کامێرایانە کارناکەن.
کەی ئێن ئێن ئەوەشی زانیوە، لەماوەی رابردو و لەکاتی قەیرانی دارایی و
دواکەوتنی موچە، بۆماوەی چەند مانگێک کامێراکان ناوبەناو کوژێنراونەتەوە، بەڵام
دواتر بە جێگیری خراونەتەوە کار.
دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، مانگی ئازاری ساڵی ڕابردو بەپێی گرێبەستێک لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیایەکی تایبەتدا چوە بواری جێبەجێکردن، هەرچەندە ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی هاوڵاتیان و شۆفێرانی لێکەوتەوە بەڵام بەرپرسانی حکومەت جەخت دەکەنەوە کە دانانی کامێراکان، هۆکارێکی باش بوە بۆ کەمکردنەوەی روداوەکانی هاتوچۆ.
3495 جار خوێندراوەتەوە