ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوای خەرجکردنی موچەی مانگی 5
و 6ی هێزە ئەمنییەکان دەکات و دەڵێت: دامەزراوەکانی هەرێم پابەندییەکانی خۆیان بەجێگەیاندووە
و ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵیشە کە شایستەکانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
هەواڵ:KNNC
بەپێی راگەیەندراوەکە لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دەرئەنجامی
کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان
کە لە 2024/7/1 لە بەغدا ئەنجام درا لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو.
لە کۆبوونەوەدا جەخت لە پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگیی
لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور
کرایەوە.
ئەنجومەنی وەزیران پشتگیریی خۆی بۆ لیژنەی دانوستانکاری
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایسپاردن کە لە چوارچێوەی دەستور و یاسا بەرکارەکان،
درێژە بە گفتوگۆ لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ بدەن و لیژنەیەکی یاسایی پسپۆڕیشی ڕاسپارد
بۆ ڕێککەوتن لە سەر داڕشتنی میکانیزمی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکان تاوەکوو
یاسای تایبەت بە دەستەی دەروازە سنوورییەکان هەموار دەکرێتەوە .
پاشان لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران
بەدواداچوونی بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتیش
مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش كرد کە بەداخەوە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیی تا ئێستا
مووچەی مانگی 5 و6 ی خەرج نەکردووە سەرەڕای ئەوەی کە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە،
بۆ وردبینی و پێداچوونەوە، پێشکەش بە تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم
و حکومەتی فیدڕاڵ کراوە. لەمبارەیەوە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وئابووری ڕاپۆرتێکی
وردی خستەڕوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکە، دوا پێشهاتی بابەتی وردبینی
و پێداچوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵی تاوتوێ
کرا و جەخت لە بەردەوامی ئاسانکاریی وەزارەتەکان بۆ پرۆسەی وردبینی کرایەوە، هەروەها
گفتوگۆ لەبارەی کارەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو
حکومەتی هەرێم و فیدراڵ سەبارەت بە پرۆسەی هاوبەشی یەکخستنەوەی ڕێکارە داراییەکان
و ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ کرا بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستووریەکان و بە
ئاراستەی برەودان بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دارایی.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە هەڵوێستی حکومەتی
هەرێمی کوردستان کە خوازیاری چارەسەری ڕاستەقینەی سەرجەم بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی
نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵە، لەم ڕووەوە، دامەزراوەکانی هەرێم
پابەندییەکانی خۆیان بەجێگەیاندووە و ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵیشە کە شایستەکانی هەرێمی
کوردستان خەرج بکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق و چیتر خەرجکردنی مووچە دوانەکەوێت .
ئەنجومەنی وەزیران
داوای لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکات هەرچی زووە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم
بۆ هەردوو مانگی 5 و6 خەرج بکات . هەروەها داوا دەکات شایستەکانی دیکەی هەرێم لە تەرخانکراوەکانی
تەشغیلیی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان خەرج بکات کە لە خشتە پەسەندکراوەکانی
بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 پارەیان بۆ تەرخانکراوە کەچی تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکیان
بۆ هەرێم خەرج نەکردووە و لە سەرەتای 2024 یشەوە، هەرێمی کوردستان بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی
لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی بە کاش بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە و
مانگانەش لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازوویی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی
سەرجەم وەزارەتەکان ،بە شێوەیەکی ڕوون و شەفافانە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ
کراوە.
532 جار خوێندراوەتەوە