ئەنجومەنی
قەزای ناوەندی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە سنوری
بادینان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی هاوڵاتیانی سنورەکە، دەشڵێت: نیگەرانن
لە بێدەنگی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم لەئاست ئەو لەشکرکێشییانە.
هەواڵ:KNNC
لە
بەیاننامەیەکدا ئەنجومەنی قەزای ناوەندی بزوتنەوەی گۆڕان سەرەڕای سەرکۆنەکردنی
لەشکرکێشییەکانی تورکیا و شەڕ و بۆردومانکردنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان
رایگەیاندوە، " بە ئەرکی نیشتمانی خۆمانی دەزانین بێ دەنگ نەبین بەرامبەر
گواستنەوەی شەڕ و نائارامی بۆ ناوچەی بادینان و داگیرکردنی ژمارەیەک گوندی سەر سنور
و دانانی بازگەی سەربازی و ناچارکردنی دانیشتوانی هەندێک لەو گوندانە تا ناوچەکانی
خۆیان چۆڵ بکەن، بێگومان ئەم رەفتارانەش پێشێلکردنێکی بەرچاوی سەروەریی خاکی هەرێمی
کوردستان و عێراقە".
ئاماژەبەوەشکراوە، سەرەڕای تێگەیشتن لەو
ئاڵنگارییانەی کە لە سنورەکە رودەدات و روبەڕوی ئاسایشی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان
بونەتەوە، دەبێت رێز لە سەروەریی
خاکی یەکتری و لێکتێگەیشتنی هەبێت لە کاروباری یەکتری، بەپێچەوانەوە بۆمبارانکردن
و داگیرکاری و لەشکرکێشیی سەربازی و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان، توندوتیژیی
زیاتر بەرهەم دەهێنێت و دەبێتە مایەی نائارامی و تێکچونی ئاسایشی ناوچەکە.
باس لەوەشکردوە، چەند نیگەرانن بەرامبەر ئەو
پێشێلکاری و داگیرکاریی و لەشکرکێشییە سەربازییەی دەوڵەتی تورکیا، هێندەش نیگەرانن
لە بێدەنگی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەرامبەر ئەو
دەستدرێژییانە.
445 جار خوێندراوەتەوە