روسیا رەتی دەكاتەوە ناوچەی نیشتەجێبونی كیێڤی بەئامانج گرتبێت

KNN : Kurdish News Network
06:06 - 08/07/2024
جیهان
+
-

روسیا رەتی دەکاتەوە کە ناوچەی نیشتەجێبونی هاوڵاتیانی لە شاری کیێڤ موشەكباران كردبێت و رایدەگەیەنێت: بڵاوكردنەوەی ئەو تۆمەتانە بۆ بەدەستهێنانی پارە و پشتیوانی زیاتری واشنتۆنە.


هەواڵ: (KNNC)



وەزارەتی بەرگری روسیا بڵاویكردەوە؛ لە هێرشەكانیاندا سوپای روسیا چەکی پێشكەوتوی وردی دور مەودا بۆ سەر شوێنە  پیشەسازییەكان و بنكە و بارەگا سەربازییەكانی ئۆکرانیا لە ناوچە جیاجیاكان بەكاردەهێنن و ئەمڕۆش هێرشێكی ورد بۆسەر فڕۆکەخانە سەربازییەکان ئەنجامدراوە.


دەشڵێت: ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆیانەی لە دەسەڵاتدارانی کیێڤەوە بڵاوکراونەتەوە پشتڕاستی دەکەنەوە کە لە ئەنجامی موشەك بارانكردنی سیستەمێكی موشەكی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا بوە کە لە شارەکەدا دانراوە.


وەزارەتی بەرگری روسیا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، لە سەروبەندی کۆبونەوەکانی ناتۆدا، كیێڤ تۆمەت ئاڕاستەی  چالاكییە سەربازییەكانی روسیا دەكات كە سوپای روسیا ناوچەی نیشتەجێبونی هاوڵاتیانی لە ئۆکرانیا بەئامانج دەگرێت، ئەوەش بە ئامانجی بەدەستهێنانی پارە و پشتیوانی زیاتری رۆژئاوا و واشنتۆنە.


پێشتر، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند: روسیا موشەکبارانی ناوچە مەدەنییەكانی ئۆکرانیا و بەهۆیەوە، قوربانی لێكەوتوەتە كە چەندین کەس لەژێر دارو پەردودا ماونەتەوە، لای خۆشیەوە وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی ئەمڕۆوە تا ئێستا (20) کەس کوژراون و زیاتر لە (500) کەسی دیکە برینداربون.

116 جار خوێندراوەتەوە