نەوت، ئەو
سەرچاوەیەی وزە کە دەیان ساڵە بوەتە بەهێزترین کار بەدەستی وڵاتانی بەرهەمهێنی
نەوتەوە، گەورەترین بەرهەمهێنەکان، بەهێزترین هەناردەکارەکان، بەکارهێنەر و وەبەرهێنەرانی
بواری بەرهەمە نەوتییەکان ئەو چەند زاراوەیەن کە رۆژانە لەبارەیانەوە دەبیستین،
بەڵام هەر بەڕاست ئێمە زانیاری تەواومان لەبارەیانەوە هەیە؟
ویلایەتە
یەکگرتوەکانی ئەمریکا، گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە، سعودییە گەورەترین
هەناردەکاری نەوتە و چین و هیندستان دو گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاون لە
جیهاندا.
بەگوێرەی
دوایین ئاماری فەرمیی، کە لە مانگی رابردودا بڵاوکرایەوە، خواستی رۆژانەی نەوتی
خاو لە جیهاندا 95 تا 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوە، لەو بڕەش ئەمریکا 11 ملیۆن
بەرمیل نەوت، سعودییە 10.331 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن، روسیا پێشتر لە پلەی
سێیەمدا بو، بەڵام ئێستا بەرهەمی رۆژانی هاوشانی بەرهەمی سعودییەیە و گەیشتوەتە
1.331 ملیۆن بەرمیل نەوت، هەرچی لە عێراقە رۆژانە 4.8 ملیۆن بەرمیل نەوت
بەرهەمدەهێنێت.
بەڵام ریزبەندی
وڵاتان بەگوێرەی ئەو بڕە نەوتەی کە هەناردەی دەکەن جیاوازە، چونکە وڵاتان هەمو ئەو
نەوتە هەناردە ناکەن کە بەرهەمی دەهێنن، ئەمەش لەبەرئەوەیە کە بەشێک لە نەوتەکەیان
لە ناوخۆدا بەمەبەستی دابینکردنی خواستی ناوخۆ بەکاردەهێنن.
سعودیە بە 6.47
ملیۆن بەرمیل نەوت، روسیا بە 4.7 ملیۆن بەرمیل نەوت، عێراق بە 3.3 ملیۆن بەرمیل
نەوت، ئەمریکا بە 3.1 ملیۆن بەرمیل نەوت و کەنەدا بە 2.92 ملیۆن بەرمیل نەوتی
رۆژانە، پێنج خانەی سەرەوەی ریزبەندی گەورەترین هەناردەکارانی نەوتیان داگیرکردوە.
بەنزین یەکێکە
لە سەرەکییترین ئەو بەرهەمانەی کە لە نەوتی خاو بەرهەمدەهێنرێت، بەشێوەیەکی گشتی
لە هەر بەرمیێک نەوتی خاودا کە 158 لیترە، تەنها %21ی دەبێتە
بەرهەمی بەنزین و ئەوی دیکەی بەرهەمەکانی تری وەکو گازوایل ، نەوتی رەش و چەند
بەرهەمێکی تری لێ دروستدەکرێت.
ویلایەتە
یەکگرتوەکانی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، چین و هیندستان لە چوار گەورەترین بەکارهێنەرانی
بەنزینن لە ئاستی جیهاندا، خواستی جیهانیی لەسەر بەنزین زیاترە لە 24.28 ملیۆن
بەرمیل کە هاوتایە بە چوار ملیار و 856 ملیۆن لیتر بەنزین.
ئێستا نرخی
تێکڕای هەر لیترێک بەنزین لە جیهاندا زیاترە لە 1.4 دۆلار، لە وڵاتانی ڤەنزوێلا،
سوریا و ئێران نرخی هەر لیترێک بەنزین کەمترە لە سەنتێک، بەڵام لە هۆنگ کۆنگ،
نەرویج، دانیمارک و فیللەندا نرخی هەر لیترێک بەنزین لەنێوان 2.6 تا سێ دۆلارە.
هەرچی لە
عێراقە، ئەو بەنزینەی کە بە پشتیوانیی حکومەت دەخرێتە بازاڕەوە، نرخەکەی 450
دینارە کە دەکاتە زیاتر لە سی سەنت، بەنزینی بازرگانیش نرخەکەی لە زۆرێک لە
ناوچەکانی عێراق 690 دینارە کە دەکاتە 46 سەنت.
حکومەتی عێراق
سیاسەتی تایبەتی خۆی هەیە بۆ پشتیوانیکردنی نرخی بەنزین، بەشێوەیەک کە رۆژانە
زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی خاو دەداتە پاڵاوگەکان بۆئەوەی بەنزینی لێ
بەرهەمبهێنن، پاشانیش بەنزینەکە بە نرخێکی پشتیوانییکراو دەخاتە بازاڕەوە.
جیا لەمەش
عێراق بڕێکی زۆر بەنزین هاوردە دەکات، بەشێوەیەک کە لە ساڵی 2021دا زیاتر لە سێ
ملیۆن و 475 هەزار تۆن بەنزینی لە چینەوە هاوردەکردوە.
هەرچی لە
هەرێمی کوردستانە، رۆژانە پێویستی بە زیاتر لە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، کە
زیاتر لە پێنج ملیۆن لیری لەو جۆرەیە ئۆکتانەکەی لەنیوان 88 تا 92دایە و لە
بازارەکاندا پێی دەوترێت نۆرماڵ، ئەوی دیکەی لەو جۆرانەیە کە ئۆکتانەکەی لە 92
زیاترە کە بە هەردو جۆری موحەسەن و سوپەر ناسراوە.
لە هەرێمی
کوردستان بە چەند رێگەیەک بەنزین بەرهەمدەهێنرێت، کۆمپانیای کار بە شێوەی رۆژانە
ملیۆنێک لیتر بەنزین بەرەمدەهێنرێت کە کوالێتییەکی گەنجاوی هەیە، ئەم بڕە تا ئێستا
تەنها لە هەولێر و دهۆک بە نرخی 690 دینار دابەشکراوە بەڵام بڕیار وایە هەمان
بەنزین لە سلێمانیش دابەش بکرێت بەشێوەیەک کە رۆژانە 400 هەزار لیتر بەنزین بۆ
سلێمانی بنێردرێت.
بێگجە لەو
بەنزینە، گۆڕەپانی گەورە لە هەولێر و سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکە هەن کە کاریان
تێکەڵکردنی چەند مادەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین، ئەو گۆڕەپانانە زیاتر پشت بە
دروستکردنی بەنزین دەبەستن لە بەرهەمی (کۆندەنسەیت) کە بە نەفتا ناسراوە، مادەکە
خۆی لە بنەڕەتدا ئۆکتانەکەی زیاترە لە 97 کە ئەمە بۆ ئۆتۆمبێل گونجاو نییە، بۆیە
لە گۆرەپانەکاندا چەند تری تێکەث دەکرێت و لە پرۆسەیەکدا کە پێی دەوترێت (تحسین)
تێکەڵ دەکرێت.
کێشەی سەرەکی
ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە زۆرێک لە گۆڕەپان و پاڵاوگەکان کە پێی هەڵدەستن نایاسایین و
هیچ چاودێرییەکیان لەسەر نییە، بۆیە زۆر جار ئەو تێکەڵەیەی کە بەرهەمدەهێنرێت
کوالێتییەکی زۆر خراپی هەیە و کێشەی گەورە بۆ شۆفێران دروستدەکات.
کۆندەنسەیت یان
نەفتا لە چەند رێگەیەکەوە دەست بازرگانانی سوتەمەنی دەکەوێت، لەوانە؛ کڕینەوە لە
پاڵاوگەکانی بازیان، کار و لاناس، هاوردەکردنی لە وڵاتانی دراوسێوە و هاوردەکردنی
لە ناوەڕاست و خواروی عێراق.
بەشێوەیەکی
گشتی نرخی بەنزین و کوالێتییەکەی لە هەر وڵاتێک پەیوەندی بە پشتیوانی و چاودێری
حکومەتەوە هەیە لەسەر سێکتەرەکە، لەو وڵاتانەی کە حکومەت پشتیوانی نرخ و چاودێری
کوالێتییەکەی دەکات بەنزین لەروی نەخەوە هەرزانە و لەڕوی کوالێتیشەوە گونجاوە،
وەکو؛ ئێران، بەڵام لەو وڵاتانەی کە حکومەت سێکتەرەکەی رادەستی کەرتی تایبەت
کردوە، تەنها رۆڵی چاودێریکار دەبێنێت و رێگە بە دابەزاندنی کوالێتییەکەی نادات،
وەکو؛ وڵاتانی ئەوروپا، جیا لەو دو ئەزمونەش، لە هەندێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست و ئاسیادا، حکومەتەکان نە پشتیوانی نرخ دەکەن نە دەتوانن بە باشی چاودێری
کوالێتییەکەی بکەن، ئەوەش دەبێتە هۆی هاتنەئارای کێشەی گەورە بۆ هاوڵاتیانیان.
153 جار خوێندراوەتەوە