شەپۆلێکى سکچون و رشانەوە روى لە سلێمانى کردووە

KNN : Kurdish News Network
03:09 - 28/05/2022
تەندروستی
+
-

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی هۆشداری بە دایکان و باوکان دەدات لە بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی نەخۆشیی سکچون و رشانەوە. دەشڵێت: 40%ى نەخۆشەکان داخلى نەخۆشخانەکراون.


دەقی نوسینەکەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان:  

لە ئێستادا شەپۆلێکی سکچوون و ڕشانەوە بڵاوبۆتەوە لە منداڵاندا و زیاتر لە ٤٠٪ نەخۆشەکان بەو هۆیەوە داخڵی نەخۆشخانە ئەکرێن،هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا سکچوون و ڕشانەوە زۆر زیاد ئەکات لەناو منداڵاندا ئەویش بەهۆی کاریگەری بەرزی پلەی گەرمایە  کە لەوانەیە بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاوو و خراپ هەڵگرتنی خۆراک لەناو پلەی گەرمی بەرزداو گەشەکردنی هەندێک بەکتریا لەو پلە گەرمیەدا لەگەڵ ووشک بوونەوەی منداڵ لە پلەی گەرمی بەرزداو کەمتر بەرگەگرتنی سکچوون و ڕشانەوە. 



هۆکارەکانی سکچوون و ڕشانەوە زۆرن کەواتە لەخۆتەوە چارەسەر بەکارمەهێنە چونکە چارەسەرەکانیشیان جیاوازن. 



لەوانەیە هۆکارەکە ڤایرۆس یان بەکتریا یان پاڕاسایت یان خواردنی شیرینی یان هەستیاری بە پڕۆتین،یان نەخۆشی گەنم و جۆ یان ژەهراوی بوون یان هەستیاری بەجۆرە خواردنێک یان کۆڕۆنا یان چەندین هۆکاری تر بێت. 



بۆ ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە باشترە ئەم هەنگاوانە بنێیت: 



١-هەموو ئاوێک بکوڵێنە انجا ساردی بکەرەو بۆ خواردنەوە بەکاری بهێنە. 

٢-خواردن لەناو سەلاجە هەڵبگرە. 

٣-سەورزە میوە پێش خواردنی جوان بشۆرەوە. 

٤-زوو زوو دەستی منداڵەکەت بشۆ بەتایبەت دوای تەوالێت کردن. 

٥-پاک و خاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە. 

٦-بەکارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و کەوچکی یەکتر. 

٧-دوورکەوتنەوە لەخواردنی دەرەوە بەتایبەت ئەوانەی سەر عەرەبانەکان. 

٨-باش کوڵاندنی گۆشت و خواردنەکان. 



تکایە لەخۆتەوە دەرمان بەکارمەهێنە چونکە هۆکارەکان جیاوازن و چارەسەرەکانیشیان جیاوازن. 
د.پشدەر عبداللە اسماعیل 
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان. 

448 جار خوێندراوەتەوە