سەرۆکایەتی
شارەوانی سلێمانی راگەیەنراوێکی لەبارەی سەگی بێلانەوە بڵاوکردەوە و چارەسەرێکی بۆ
ئەو بابەتە خستوتەڕو.
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتی
شارەوانی سلێمانی رایگەیاند: بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی سلێمانی، زەوییەكی
بە ڕوبەری (5) دۆنم لە نزیك بازگەی عەربەت دابینكردوە، بۆ كۆكردنەوەی ” ئاژەڵ و سەگی
بێلانە” و دورخستنەوەیان لەناو گەڕەكەكانی شاری سلێمانی.
ئاماژەی
بەوەشکردوە، لە ئێستادا لە هەوڵی بەردەوامداین، بۆ گرنگیدان بەم بابەتە، كە
نوسراومان كردوە بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەمەبەستی دابینكردنی بودجەیەكی
تایبەت.
سەرۆکایەتی
شارەوانی دەشڵێت: بەپێی ماددەی (4) لە یاسای
قەڵاچۆكردنی ”سەگە بێلانەكان” ژمارە(48 ساڵی 1986)، ئەركی گرتنی سەگە بێلانەكان، لە
ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیدایە.
تەواوی
راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی:
ڕوونكردنەوەیەك
بۆ ڕایگشتیی:
بەپێویستمان زانی،
وەكو سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، ڕوونكرنەوەیەك لەسەر پەناگەی” سەگی بێلانە” بخەینە
ڕوو. سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی، وەك ئەركی سەرەكیی خۆی، بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی سلێمانی، زەوییەكی
بە ڕووبەری (5) دۆنم لە نزیك بازگەی عەربەت دابینكردوە، بۆ كۆكردنەوەی ” ئاژەڵ و سەگی
بێلانە” و دوورخستنەوەیان لەناو گەڕەكەكانی شاری سلێمانی، دوای تەواوبونی ”پەناگەكە”
لە ڕێكەوتی 2022/1/10، كاركرا بۆ وەرگرتنی ”سەگی بێلانە” هەروەها نزیكەی (20) كارمەند و
(٣)ئۆتۆمبێلی لەلایەن سەرۆكایەتیمانەوە بۆ دابینكراوە، لە ئێستادا لە هەوڵی بەردەوامداین،
بۆ گرنگیدان بەم بابەتە، كە نوسراومان كردوە بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەمەبەستی
دابینكردنی بودجەیەكی تایبەت، وەك لە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانیدا ئاماژەی پێدراوە،
هەروەها بە هۆبەكردنی ئەو پەناگەیە تا بتوانرێت گرنگیی زیاتری پێبدرێت، كە بۆ ڕۆژگاری
ئەمڕۆ كاریگەری زۆری هەیە.
دواتر ئەنجومەنی شارەوانی
سلێمانی، لە كۆبونەوەی ڕۆژی 2022/3/17، بە بڕیاری ژمارە (38)، بڕیاریان لەسەر پەناگەكە دەركرد بەمشێوەیەی خوارەوە: پاڵپشت بەو
دەسەڵاتەی پێماندراوە، بەپێی ماددەی (27) بڕگەی ١ بەندی/ ز، لەیاسای بەڕێوەبردنی
شارەوانییەكان ژمارە(6) ساڵی 1993هەمواركراو، بڕیاردرا بە:
١- دابینكردنی پارچە زەوییەك بۆ پەناگەی
ئاژەڵی بێلانە.
٢-پەناگەكە لەڕووی كارگێڕی و ژمێریارییەوە،
سەر بە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دەبێت، بە هاوكاری هەموو لایەنە فەرمی و نیمچە
فەرمی و نافەرمییەكان، بە هەماهەنگیی لەگەڵ شارەوانیدا، كار لە پەناگەكەدا دەكەن.
٣-شارەوانی سلێمانی، بەپێی ماددەی (27 بڕگەی 2)، لەیاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان، ژمارە (6) ساڵی 1993هەمواركراو، بەرپرسە
لە دابینكردنی پشتیوانیی دارایی لە بودجەی شارەوانی، بۆ بە گەڕخستنی پەناگەكە، بەپێی
ماددەی (4) لە یاسای داهاتی شارەوانییەكان ژمارە (130) ساڵی 1963، سود لە بەخشین و
هاوكاریی لایەنە پەیوەندیدارەكان و كەسایەتیی و ڕێكخراوەكان وەردەگرێت.
٤- سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، بەرپرسە
لە گرتنی ئاژەڵە بێلانەكان، جگە لە سەگی بێلانە، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ”بەڕێوەبەرایەتی
ڤێتێرنەری سلێمانی، چونكە بەپێی ماددەی
(4) لە یاسای قەڵاچۆكردنی ”سەگە بێلانەكان” ژمارە(48 ساڵی 1986)، ئەركی گرتنی سەگە
بێلانەكان، لە ئەستۆی ”بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی
سلێمانیدایە”، هەروەها بەپێی ماددەی (3) لە یاسای قەدەغەكردنی سەگە بێلانەكان،
ژمارە (48 ساڵی 1986)، ئەگەر سەگی بێلانە بۆ شارەوانی ڕەوانەكرا، ئەوا لەگەڵ ئاژەڵە
بێلانەكانی تردا، لە پەناگەی ناوبراودا كۆدەكرێنەوە. لەدوای دەركردنی بڕیاری وەرگرتنی
”سەگی بێلانە” هەڵمەتەكەمان دەستپێكردوە، بەڵام لە ئێستادا بەخاوی دەڕوات، بە هۆكاری نەبوونی پێداویستی و
ستافی پێویست و بودجەی تایبەت، وە چاوەڕێی
وەڵامی وەزارەتین، تایبەت بەدابینكردنی ئەم پێداویستییانە.
لەگەڵ ڕێزی سەرۆكایەتی
شارەوانیی سلێمانی.
3129 جار خوێندراوەتەوە