وەزارەتى تەندروستى: لە رۆژانى جەژندا خزمەتگوزارییەکانمان بەردەوام دەبن

KNN : Kurdish News Network
08:56 - 30/04/2022
تەندروستی
+
-

وەزارەتی تەندروستیی بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان، کۆمەڵێک رێنمایی بڵاودەکاتەوە و بەپێى رێنماییەکان سەرجەم بەرێوەبەرایەتی گشتیی و نەخۆشخانەکان لە پێشوازى نەخۆشاندا دەبن و هێڵی گەرم بەردەوام کراوەبێت.

 

 دواى دیاریکردنى رۆژى یەکەمى جەژنى رەمەزان، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رێنمایى بڵاوکردەوە و بەپێى رێنماییەکانیش، لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی و بەردەوامبون و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی لە رۆژانی پشوی جەژنی رەمەزانی پیرۆز. دەبێت رەچاوی ئەم رێنماییانە بکرێت:

-  دانانی لیژنەی بەدواداچوون لە سەرجەم بەرێوەبەرایەتی گشتیی و نەخۆشخانەکان.
-  بۆ هەر کارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێڵی گەرمی پەیوەندی هەبێت.
-  لەکاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوەبن لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان.
-  پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستیی بە بەردەوامی ئێشکگری.
-  هاتنەژوورەوەی راگەیاندن تەنها لە رێگای راگەیاندنی بەڕێوەبەراتییەکان دەبێت.
- ئاماری رۆژانە دەبێت لە ماوەی 24 کاژێر لە رێگای پەیوەندی لە 8ـی بەیانی تاوەکو 8ـی بەیانی رۆژی دوایی رەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەراتییە گشتییەکان.
- رۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان رەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.
-  ئامادەباشی بۆ ئامبوڵانس و دابینکردنی گاز و بەنزین و سوتەمەنییەکان بکرێت.
- بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراک بکرێت.
- هێڵەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوە بێت و وەڵام بدرێتەوە.
- نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکییەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیارییەکان تایبەت بە نەخۆش تۆمار بکرێت.
- سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوە بێت.
-  سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بەشێوەی ئێشکگری کراوە بن.
- تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی (122) بەردەوام دەبن لە ئەرک و کارەکانیان بەشێوەی 24 کاتژمێرى، پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.
- تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشیە گوازراوەکان و چاودێری تەندروستیی) بەردەوام بن لە بەدواداچوونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری.
-  پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوام بێت.
- بەردەوام بوون لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانی پشکنینی کۆرۆنا و چارەسەری.
-  دانانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ پێدانی ڤاکسین لە رۆژانی پشوو لە کاتی پێویست.

152 جار خوێندراوەتەوە