لەمانگى تەمموزى ئەمساڵدا موقتەدا سەدر بڕیارى
بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى پێشوەختی پەرلەمانى عێراقى دا، بەڵام دواتر لە بڕیارەکەى
پاشگەزبوەوە توانى ببێتە براوەى یەکەمى هەڵبژاردن و کورسییەکانىیشى بەرێژیەکى بەرچاو
بە بەراورد بە هەڵبژاردنى پێشووى زیاد بکات، ئەمە یەکەم هەڵوێستى لەو جۆرە سەدر نیە،
بەڵکو لەوەى بەشدارە لەپرۆسەى سیاسى عێراق ئەمە یەکێکە لەو تاکتیکانەى کە پەناى بۆدەبات
بە تایبەتى لەوکاتانەى کە بارودۆخى سیاسى و جەماوەرى باش نەبێت.
سەدر کە لەدواى ساڵى (2003)ەوە، بە دامەزراندنى
گروپى چەکدارى سوپاى مەهدى وەک سەرکردەى گروپێکى چەکدار دەرکەوت، بەڵام دواى چەند
ساڵێک ستراتیژەکەى لەشەڕو توندوتیژى و شەڕى تائیفیەوە گۆڕى بۆ پیادەکردنى سیستمى
ناتوندوتیژى و داواکارى بۆ ئەنجامدانى چاکسازى، بەتایبەتى دواى ئەوەى بەهۆى بەرفراوانى
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ئەمەریکاوە لە دژى سوپاى مەهدى مەترسیەکان لەسەر گروپەکەى
و خودى خۆیشى زیادى کرد.
مێژووى جموجۆلە سیاسییەکانى سەدر کە کەسایەتییەکەى
دابەشبوە لە نێوان سەرکردەى گروپێکى چەکدار و پیاوى ئاینى و کەسایەتى سیاسى، ئاماژەن
بۆ ئەوەى کە لە دواى ساڵى (2003) بۆ(2008) بڕواى بەوە هەبو کە لەرێگەى توندوتیژییەوە
گۆڕانکارى لەعێراقدا بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشدارى سیاسى فەرامۆش نەکردوە و لەسەرجەم
هەڵبژاردنەکانی عێراقدا بەشدارى کردوە، لەسەرجەمیشاندا ژمارەى کورسیەکانى رەوتەکەى
زیادى کردوە.
یەکێک لەوجوڵە سیاسیانەى کە بوەتە تایبتمەندى
موقتەدا سەدر یاریکردنە بەهەڵوێست بە جۆرێک لە کاتە هەستیارەکاندا بڕیار یەکلاکرەوە
لەبارەى پرسێک دەدات، بەڵام دواتر بە جۆرێک لێى پاشگەزدەبێتەوە یان خۆى لە جێبەجێ
کردنى دەدزێتەوە، هەمووئەمانەش لەپێناوى پاراستن بەرفراوانکردنى بەرژوەندییەسیاسیەکان.
یەکەم هەڵوێستى لەو جۆرەى موقتەدا سەدر لە
مانگى شوباتى ساڵى (2014) دەستى پێکرد، کاتێک لە بەیاننامەیەکدا بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى
فراکسیۆنى ئەحرارى لە ئەنجومەنى نوێنەران کشانەوەى لەپرۆسەى سیاسى و داخستنى سەرجەم
نوسینگەکانى رەوتى سەدرى راگەیاند، بەڵام دواى چەند مانگێک پاشگەزبوەوە لە هەڵبژاردنى
خولى سێیەمى ئەنجومەنى نوێنەراندا بەشداری کرد و توانى (36) کورسى بەدەستبهێنێت.
دووساڵ دواتر بە دیاریکراوى لە مانگى تەمموزى
ساڵى (2016)دا، لەوکاتەى رێبەراتى خۆپیشاندانەکانى دەکرد، بڕیاریدا سەرجەم نوسینگەکانى
رەوتەکەى چۆڵ بکرێن بەشوێنى نیشتەجێبونى بۆ کەسانى هەژار و ئەوکەسانەى داهاتیان کەمە،
هەر لەساڵى (2016) سەدر خۆى وەک ئۆپۆزسیۆن نمایش دەکرد رێبەرایەتى خۆپیشاندانى دەکرد
و داواى ئەنجامدانى چاکسازى و پێکهێنانى حکومەتى دوور لە دەستى حزبى دەکرد، ئەوە لەکاتێکدا
رەوتەکەى ئامادەییەکى بەهێزی هەبوو لەحکومەتەکەى حەیدەرعەبادیدا، بەرهەمى ئەم هەڵویستانەشى
لە هەڵبژاردنى ساڵى (2018)دا چنیەوە، کاتێک رەوتەکەى کە لە چوارچێوەى هاوپەیمانى
سائیروندا بەشدارى لە هەڵبژادندا کرد بە بەدەستهێنانى (54) کورسى بو بە براوەکەى یەکەمى
هەڵبژاردن، بەڵام هەر دواى هەڵبژاردن سەدر لە بانگەشەى حکومەتى تەکنۆکرات پاشگەزبوەوە
لە هەوڵى پێکهێنانى فراکسیۆنى زۆرینەدابوو بۆ پێکهێنانى حکومەت، پاش شکستهێنانى ئەو
هەوڵەش لەگەڵ هاوپەیمانى فەتح لەسەر پێکهێنانى حکومەت و رێککەوت، لە رێککەوتنەشدا
رەوتى سەدر پۆستى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران و چەندپۆستێکى باڵاى حکومى بەرکەوت.
لەمانگى کانونى یەکەمى (2019) دا، بڕیارێکى
هاوشێوەى بریارى یەکەمى دا، بەڵام ئەمجارەى نەک تەنها ئۆفیسەکانى، بەڵکو بڕیاریدا
سەرجەم دامەزراوەکانى سەر بە ڕەوتى سەدر دابخات جگە لە نوسینگە تایبەتیەکەى خۆیى و
مەزارگەى باوکى.
لە مانگى تەموزى ئەمساڵیشدا سەدر گەڕێکى دیکەى
جموجۆڵەکانى دەستپێکرد کە لەشەقامى عێراقدا بە یارى سیاسى ناسراوە، کاتێک خۆى بێ بەرى
کرد لە حکومەتى عێراق و بڕیاریدا بەشدارى هەڵبژاردن نەکات، بەڵام دواى (49) رۆژ لە
بڕیارەکەى پاشگەزبوەوە.
یارى کردن بە خۆپیشاندان
لەساڵى (2016) ەوە، موقتەدا سەدر بەکردەیى رێبەرایەتى
خۆپیشاندان دەکات، لە خۆپیشاندانەکانى ساڵى (2019) ویستى هەمان پێگەى هەبێت، بەڵام
سروشتى خۆپیشاندانەکان و هۆشیبارى خۆپیشاندەران رێگربوون لەم خواستەى، بەڵام بەردەوام
بو لە پشتیوانى خۆپیشاندانەکان تا ئەوکاتە بەرژەوەندییەکانى کەوتنە مەترسییەوە بە
دیاریکراویش ئەو کاتەى کە خۆپیشاندەران کاندیدکردنى محەمەد تۆفیق عەلاوییان بۆپۆستى
سەرۆک وەزیران رەتکردەوە کە بەکەسایەتییەکى نزیک لە سەدر دادەنرا، ئیتر سەدر لە
پشتیوانى خۆپیشاندەرانەوە بۆ بە هێزى سەرکوتکارى خۆپیشاندەران. لەرێى لایەنگرانیەوە
کە بە کڵاوشینەکان ناسرابوون کەوتە پەلاماردانى خۆپیشاندەران و تێکدانى رەوشى خۆپیشندانەکان وهەوڵدان بۆکۆتایى پێهێنانى خۆپیشاندانەکان لە
بەغدا، ناسریە، نەجەف وکەربەلا، ئەمە جگە
لە ئازاردانى خۆپیشاندەران و چالاکوانان هەرشەکردن لێیان.
دواین جموجۆڵى سیاسى موقتەدا سەدر دواى هەڵبژاردنە
پەرلەمانییەکەى عێراق، بەرزکردنەوەى دروشىمى پێکهێنانى حکومەتى زۆرینەى نیشتیمانییە،
بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەدەچن کە سەدر ئەم دەستەواژەیەش وەک ئامرازى یارییەکى سیاسى
دیکە بەکاربهێنێت و دواتر لەبەرامبەر بە دەستهێنانى بەرژوەندى سیاسیدا لێى پاشگەز
ببێتەوە، کۆبونەوەى لەگەڵ لایەنەکان ناو چوارچێوەى هەماهەنگى دیارترین ئاماژەى ئەم
یارییە سیاسییە نوێیەى سەدرن کە (17) ساڵى دەستى پێکردوە.
627 جار خوێندراوەتەوە