شاندێکى وەزارەتی پێشمەرگە بەرەو بەغدا بەرێککەوتن

KNN : Kurdish News Network
10:13 - 07/12/2021
کوردستان
+
-

شاندێکى وەزارەتی  پێشمەرگە سەردانى بەغداد دەکات، پرسى چۆنیەتى روبەڕو بونەوەى تیرۆرستانى داعشیش تەوەرى سەرەکى گفتوگۆکانیان دەبێت لەگەڵ بەرپرسانى سەربازى عێراق.

 

وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم بڵاوى کردەوە، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆکایەتی فەریق جەبار یاوەر ، ئەمینداری گشتی وەزارەت بەرەو بەغدا بەرێکەوتن.

 

سەبارەت بە وردەکارى سەردانى شاندکە، وەزارەتى پێشمەرگە رونکردنەوەى داوە و رایگەیاندوە، بڕیارە شاندەکە لەگەڵ هەواڵگری بەرگری عێراق کۆببێتەوە، لە کۆبونەوەیەکى دیکەشدا لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى سەربازى عێراق گفتوگۆ لەبارەى دۆخی ئێستای ناوچەکە و مەترسیەکانی تیرۆریستان و هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بۆ بەیەکەوە رۆڵ بینین لە راوەدوونان و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش بکرێت.

 

بەپێى راگەیەنراوەکەى وەزارەتى پێشمەرگە، هەر لەمیانى سەردانى ئەو شاندەدا بڕیارە کۆبونەوەیەک لەنێوان ئەمینداری گشتی وەزارەتى پێشمەرگە و ئەمینداریەتی گشتی وەزارەتى بەرگری عێراق بەڕێوەبچێت.

 

وەزارەتى پێشمەرگە جەختى کردوەتەوە لەوەى کۆبونەوەکانى نێوان هەردوولا بەردەوام دەبێت، پڕکردنەوەى بۆشاییە ئەمنییەکان و ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە سوپا لە ئەولەویەتی گفتوگۆکاندایە.

257 جار خوێندراوەتەوە