وێنە؛ چیرۆکى ژیانى بچوکترین منداڵى سەر سنورى بێلاروس و پۆڵەندا

KNN : Kurdish News Network
10:21 - 01/12/2021
کوردستان
+
-

ڤیدا سندی تەمەن پێنج مانگ کە بچووکترین کۆچبەرە لەسەر سنووری نێوان بێلاڕوس و پۆڵەندا لەگەڵ شەش کەسی دیکەی خانەوادەکەی گیری خواردووە، لە دۆخێکی ناھەموار و سەختدا چاوەڕێی ئەو رۆژەیە بگات بە ئەڵمانیا.

چاوەڕوانیی نزیکەی دوو ھەزار کەس کە زۆرینەیان لە عێراقەوە رۆشتون و لە ھەوڵی کۆچکردندان بەرەو ئەوروپا، لە سەنتەری لۆجیستیی داخراوی ناوچەی سنووری بروزگی لە شاری گرۆدنۆ لە بێلاڕووس بەردەوامە.

دیاریترینی ناو ئەو کۆچبەرانە، خێزانی سندییە کە لە شاری زاخۆ لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئەڵمانیا بەڕێکەوتون.

ھۆگر سندی باوکى ڤیدا و نەسرینى دایکى و مانگانى کچیان، پێش مانگێک گەیشتنە مینسکی پایتەختی بێلاڕوس. هۆگر سندی، عەلی باوکی و فاتیمەی دایکی، کاروان و یامانی برا و داھاسی خوشکی لەگەڵ خۆیدا ھێناوە.

خێزانی سندی، کە ڤیدایان لە باوەش گرتووە و لە مینسکەوە ھاتوون بۆ دارستانەکانی سنووری پۆڵەندا و دوای چاوەڕوانی بۆ چەندین رۆژ لەگەڵ گرووپێکی دیکە لە روبارەکە پەڕینەوە و چوونە ناو خاکی پۆڵەندا. بەڵام لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی پۆڵەنداوە دەستگیركران و رەوانەی خاکی بێلاڕوس کرانەوە.

خێزانەکە دوای چەندین جاری دیکە ھەوڵدان، چوونەوە ناو خاکی پۆڵەندا، بەڵام ھەموو جارێک دەگەڕێندرێنەوە. لە کۆتاییدا دوای تەواوبوونی تواناکانیان رویان کردە ئەو شوێنە داخراوەی کە بۆیان دابینکراوە.

خێزانی سندی لە ناو دوو خێوەت و شوێنێکی کراوە لەو سەنتەرەی کە بۆ کۆچبەرەکان دابین کراوە نیشتەجێن و لەو ھاوکارییانەی کە لەلایەن خەڵکی بێلاڕووس و مانگی سووری بێلاڕووسەوە ده‌سته‌به‌ر كراوه‌ شوێنی حەوانەوەیان بۆ خۆیان درووست کردووە.

خێزانەکە رۆژانە سوود لە دوو ژەم خواردن کە بەیانیان و نیوەڕوان دابەش دەکرێت، وەردەگرن و لەو ئه‌وله‌ویه‌ته‌ی کە له‌ سایەی ڤیدای کچیان پێیان دراوە سوودمەند دەبن. نەسرین و ھۆگر، ڤیدا لە باوەش دەگرن و بەبێ نۆرەگرتن ئەو ھاوکارییەی کە لە رێکخراوەکانەوە ھاتووە وەردەگرن.

ڤیدا کە لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە لە کاتی پێویستدا پشكنینی بۆ دەکرێت، بەھۆی قەرەباڵخی و نەبوونی بێدەنگی شەوان تووشی کێشەی نوستن بووەتەوە.

خێزانەکە ھەرچەندە ھەوڵی بەسەربردنی ژیانی ئاسایی رۆژانە لەبەردەم ئەو خێوەتەی کە درووستیان کردووە دەدەن، بەڵام لە شوێنێک کە سەدان کەسی تێدا بژی، ئەمە قورس دەبێت.

هۆگر سندی ئاماژەی بەوە کرد کە لەم ماوەیەدا، ڤیدای کچیان زۆر ئەزیەتی بینیوە و وتی: "شیر نەبوو، شوێنی گەرم نەبوو. پێنج رۆژ له‌سه‌ر سنوور ماینەوە. دوای ئەوە ھاتین بۆ ئێرە (سەنتەری لۆجیستی)".

ئەوەشی راگەیاند کە بەرپرسانی بێلاڕووس بەھۆی بچووکی ڤیداوە ئاسانکارییان بۆ کردون.

هۆگر سندی داوای ئەوەی کرد کە یەکێتیی ئەورووپا مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان پێبدەن و وتی: "ئێمە ناتوانین مانگێکی دیکە لێرە بمێنینەوە. مانەوە لێرە زۆر سەختە. ھەموو شتێک ھەیە، خواردن ھەیە، بەڵام شوێنی نووستنی وەکو ماڵەوەی لێ نییە. ناتوانین بەم شێوەیە بەردەوام بین".

- لە کەمپەکەدا بچووکترین ساوا ڤیدایە

لەلای خۆیەوە نەسرینی دایکی ڤیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە ژیانی رۆژانەیان لەگەڵ منداڵەکه‌یاندا لەناو ئەو کەمپە قەرەباڵخە زۆر بە قورسی بەسەر دەبەن، بەتایبەت لەبەر ئەوەى ڤیدا بچوکترین کەسى ناو کامپەکەیە.

943 جار خوێندراوەتەوە