لەگەڵ نزیكبونەوەی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران
كە 10ى تشرینی یەكەم ئەنجامدرا، ململانێكانی نێوان ماڵی شیعە توندتر دەبێتەوە، ئەویش
لەنێوان چوارچێوەی تەنسیقی شیعی (ئەو لایەنانەی كورسی كەمیان هێناوە)، لەگەڵ رەوتی
سەدر كە براوەی هەڵبژاردنەکەیە.
ئەوانەی كورسی كەمیان هێناوە زیاتر لەئێرانەوە نزیكن، داواى حكومەتی تەوافوق
دەكەن، بەڵام سەدرییەكان كە دژی دەستێوەردانی ئێران و ئەو لایەنانەن كە نزیكن لێیەوە،
دەیانەوێت حكومەتی زۆرینە پێكبێت.
چەند رۆژێك پێش ئێستا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان جەختیكردەوە لەسەر
ئەوەی گۆڕینی ئەنجامەكان پێویستی بە بڕیاری دەسەڵاتی دادوەری هەیە و بەپێی ئەنجامی
تانەكان دەبێت.
حەسەن سلێمان بەڕێوبەری فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندی جەماوەری لە كۆمسیۆن
دەڵێت: "كۆمسیۆن و دەستەی دادوەری لەماوەی یاسایدا هەموو تانەكانیان وەرگرتووە،
ژمارەیان گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار تانە، بەڵام بەشێكیان لەلایەن كۆمسیۆنەوە بە
لاواز ئەژمار دەكرێت".
ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن پێیوایە هەفتەی داهاتوو یەكلاكەرەوە دەبێت، جەختیش دەكاتەوە
لەسەر ئەوەی بڕیاری كۆتایی بۆ گۆڕانی ئەنجامەكان لای دەستەی دادوەرییە.
چوارچێوەی تەنسیقی شیعە جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی سەركەوتووبوون بە
دروستكردنی گەورەترین كوتلە، كە دەتوانێت حكومەتی داهاتوو پێكبهێنێت.
بەها نوری سەركردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، كە یەكێكە لە بەهێزترین لایەنەكانی
چوارچێوەی تەنسیقی ئاشكرای دەكات "توانیومانە 90 كاندیدی سەركەوتوو كۆبكەینەوە،
ئەوەش دوای ئەوەی چەند كاندیدێكی براوەی سەربەخۆ هاتنە پاڵمان"، جەختیشدەكاتەوە
لەسەر ئەوەی "بەمە بوینەتە گەورەترین كوتلە، بۆیە ناتوانرێت لەدەرەوەی چوارچێوەكە
سەرۆكوەزیران دیاری بكرێت".
نوری باسی لەوەكردووە كە هیچ ڕێگرییەك نییە بۆ ئەوەی سەدرییەكانیش بچنە پاڵیان،
بەتایبەت كە ڕەوتەكە خۆی بەشێك بووە لەو چوارچێوەیە، بەڵام پێش هەڵبژاردنەكە كشاوەتەوە.
"كاتێك ڕەوتی سەدر بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ
بەشداریكردن لە هەڵبژاردن، بەشداری كۆبونەوەكانی چوارچێوەی تەنسیقی نەكرد، هەرچەندە
چەند جارێك داوەتی كۆبونەوەكان كران" بەرپرسەكەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وادەڵێت.
لەبەرامبەردا موقتەدا سەدر دەیەوێت نەخشەیەكی نوێ دابنێت و داوای هەڵوەشاندنەوەى
سەرجەم میلیشیا و گروپە چەكدارەكانی كردووە، بەجۆرێك چەكەكانیان ڕادەستی سەركردەی
باڵای هێزە چەكدارەكان بكەن.
سەدر لە وتەیەكیدا بە لایەنگرانی ڕاگەیاند "هەموو جیهان شایەتی هەڵبژاردنێكی
خاوێن بوون، ئەوانەی دەیانەوێت بەشداری حكومەتی داهاتوو بكەن، دەبێت لیپێچینەوە لەو
كەسانە بكەن كە تۆمەتبارن بە گەندەڵ و سەر بەوانن".
ئەو سەركردەیەى دیاری شیعەكان ئاشكرایكردووە، هەوڵی پێكهێنانی حكومەتی نیشتمانی
دەدەن، چونكە گەل دەیەوێت بەزوویی ئەنجامی كۆتایی ڕابگەیەندرێت و حكومەتن پێكبهێنرێت.
وتەكەی موقتەدا سەدر پەیامێكی ڕوونی بۆ چوارچێوەی تەنسیقی تێدابوو، كە ئەگەر
حكومەت پێكبهێنن، ئەوا بەرهەڵستییەكی سەختیان دەكات، كار لەسەر هەڵوەشاندنەوەى
گروپە چەكدارەكان و دۆسییەكانی گەندەڵی دەكات.
محەمەد حەسەن تەمیمی سیاسەتمەداری عێراقی بەدووری دەزانێت نەخشە ڕێگاكەی سەدر
دایناوە تەواو بكرێت و ئەنجامێكی هەبێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی هەڵوەشاندنەوەی هێزە
چەكدارەكانەوە هەیە.
تەمیمی دەڵێت: "لایەنە چەكدارەكان سوپای بچوكن و سەر بە حزبەكانن، بەشێكیان
درێژكراوەی وڵاتانی دراوسێن بۆیە هەڵوەشاندنەوەیان واتە بڕینی ئۆكسجین و مردن".
لای خۆیەوە خەلیل جبوری لێكۆڵەری سیاسی باسی لایەنە سونییەكانی كردووە، پێیوایە
لەگەڵ جیاوازییەكی زۆری ئایدۆلۆجی، بەڵام لەگەڵ نەخشە ڕێگاكەی سەدر دان، بەتایبەت
لەو خاڵەی پەیوەندی بە هەڵوەشاندنەوەی لایەنە چەكدارەكان هەیە و كە دەبێت چەكەكانیان
ڕادەستی حەشدی شەعبی یاخود هەر لایەنێكی دیكەی حكومی بكەن.
فازیڵ فەتلاوی چاودێری سیاسی جەختدەكاتەوە لەسەر ئەوەی وتەكانی سەدر لەوەوە
نزیكە كە شەقامی عێراقی دەیەوێت، هاوكات پێشتر عێراقییەكان هەموو جۆرەكانی حكومەتی
تەوافوقیان تاقیكردۆتەوە، بۆیە ئەمجارە حكومەتی زۆرینەیان دەوێت، ئەوەش هەمان ئەو
خاڵەیە كە سەدر داوای دەكات.
ئەو چاودێرە بەدووری دەزانێت ئەو لایەنانەی شیعە كە بە دۆڕاوی هەڵبژاردن
دادەنرێن بەو نەخشتە ڕێگایە قایل بن، چونكە ئەوە دژی بیروبۆچونی سیاسی و سەربازییانە.
455 جار خوێندراوەتەوە